سەردێڕ:

سەرەڕای زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان؛ شاندێکی بەرپرسانی چینی گەیشتە تایوان

PM:04:47:19/02/2023

3420 جار خوێندراوەتەوە

لە کاتێکدا گرژییە سەربازییەکان لە تەنگەی تایوان لە زیادبووندان، دوای سێ ساڵ جارێکی دیکە شاندێک لە بەرپرسانی چین بە مەبەستی بەشداریکردن لە بۆنەیەکەی کلتوریدا گەیشتنە تایوان.


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، حکومەتی تایوان لەم هەفتەیەدا سەردانی شەش بەرپرسی چینی بۆ تایوان پەسەند کردووە کە لەلایەن لیو ژایدۆنگەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە جێگری سەرۆکی ئۆفیسی شەنگاهەیە بۆ کاروباری تایوان.

مەبەست لە سەردانەکەی شاندی چین بۆ تایوان بەشداریکردنە لە فیستیڤاڵی لانتێرن لە تایپێی، ئەوەش لەسەر بانگهێشتی حکومەتی شارەکە بووە.

لە کاتی گەیشتنیدا لە فڕۆکەخانەی سۆنگشانی ناوەڕاستی شاری تایپێی لیو ژایدۆنگ ئامادەنەبوو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان بداتەوە. هاوکات، نزیکەی ١٢ کەس لە لایەنگرانی سەربەخۆیی تایوان لە دەرەوەی فڕۆکەخانەکە ناڕەزاییان دەربڕی دژی سەردانەکە و دروشمی "تایوان و چین، دوو وڵاتی جیاوازن" یان دەوتەوە و دەیانوت "چینییەکان بڕۆنە دەرەوە." لەبەرامبەردا، ژمارەیەک هاوڵاتی دیکە کە لایەنگری چین بوون لەسەر شەقامی فڕۆکەخانەکە هاوارییان دەکرد "بەخێربێن".

لەلایەن خۆیەوە، چیلی چێن بەرپرسی ئۆفیسی لایەنگرانی سەربەخۆیی کۆماری تایوان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی وت، تایوانییەکان پێشوازییان لە میوانەکان کردووە، بەڵام نیگەرانن لەوەی ئەو بەرپرسانە بۆ ئەوە هاتبێتن کە سیاسەتەکانی چین بەسەر دوورگەکەدا بسەپێنن.

ئاماژەی بەوەشدا، چین هەرچیەک دەکات لە خزمەتی سیاسەتەکەیدا دەیکات، ئامانجیشیان بەرەیەکی یەکگرتووە.

ئەمە لەکاتێکدایە، چین پێی وایە دورگەی تایوان بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەی. لەبەرامبەردا، تایوان داوای سەربەخۆیی دەکات و بۆ ئەمەش ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لێدەکەن.

لەماوەی رابردوودا، نانسی پێلوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی سەردانی دوورگەی تایوانی کرد و ئەمەش کاردانەوەی توندی چینی لێکەوتووە و ناکۆکییەکانی نێوان چین و تایوانی ئاڵۆزتر کرد.













گەلەری