راوێژکاری دارایی و ئابوری سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەمریکا بە روونی پێی وتین نابێت دۆلار بۆ دژایەتی ئێمە بەکاربهێنن". دەشڵێت، "ئەگەر حەواڵەکان کۆنتڕۆڵبکرێن ئەوا لە مانگی سێ دا نرخی ١٠٠ دۆلار دەبێتە ١٣٥ هەزار دینار".
مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی و ئابوری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ماوەی ٢٠ ساڵە دەروازەی دراوی بیانی لە عێراق دامەزراوە و هەوڵی جێگیرکردنی نرخی دۆلار دەدات.
ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەکانی
ئەم دواییانەی نێوان شاندی حکومەتی عێراق و بەپرسانی ئەمریکا رێکاری حەواڵەکردنی دۆلار
خراوتەڕو و حکومەتی عێراقیش پابەندی خۆی بەو رێکارانە دووپات کردووەتەوە.
دەشڵێت، "ئەگەر
حەواڵەکان کۆنتڕۆڵبکرێن ئەوا لە مانگی سێ دا نرخی ١٠٠ دۆلار دەبێتە ١٣٥ هەزار دینار".
ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکاندا
ئەمریکا رایگەیاندووە، هەتا وردبینی تەواو لەسەر پرسی قاچاخی دۆلار ئەنجام نەدرێت
هیچ حەواڵەیەکی ئەو دراوە ناکرێت بۆ عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر بازاڕەکانی
دراو پێویستە هاوکاری حکومەت بن، ئەگەرنا رووبەڕووی رێکاری توند دەبنەوە لەلایەن ئەمریکاوە.
وتیشی، "ئەمریکا بە
روونی بە شاندی حکومەتی عێراقی وتووە دۆلار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیمە بەکارمەهێنن."
باسی لەوەشکرد، ٨٠٪ی داهاتی
عێراق لە رێگەی سەرچاوەی نەوتەوەیە و ئەویش بە دراوی دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت و
حکومەتیش داهاتی بە شێوەی دۆلار هەیە و ئەو دراوەش بەرامبەر بە دیناری عێراقی دەفرۆشێت
بە بانکی ناوەندی.
راوێژکاری دارایی و ئابوری
سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیشیکردەوە، مامەڵکردن و خەرجکردنی دراوی دۆلار لە جووڵە
و بازرگانییەکانی کۆماری عێراقدا دەبێت لەسەر بنەمای سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
خەرج بکرێت و لە ئێستاشدا ئەمریکا گومانی هەیە لە عێراق دۆلار بە شێوەیەکی نایاسایی
مامەڵەی پێوەبکرێت دەیەوێت هۆکاری چوونەدەرەوەی هەرەمەکی دۆلار لە عێراق بزانێت.
ئەوەشی ئاشکرای کرد، بازرگانی دراو نابێت لە دەرەوەی
چاودێری حکومەتدا بێت، بازرگانەکانی عێراق مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن و پابەند نین
بە رێکارە نێودەوڵەتییەکان بۆیە ٢٠٪ دۆلاری ناو عێراق بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوە و ئەگەر
ئەم کردەوانە کۆنتڕۆڵ بکرێن نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک دەبێتەوە ١٣٥ هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشدا، لە بارەی
پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێم، جموجولێک لە نێوان هەرێم بۆ بەغدادا هەیە بۆ رێککەوتن
و لە داهاتوویەکی نزیکدا پڕۆژە یاسای بودجە پەسەند دەکرێت و ئێستاش نیازی جدی هەیە
بۆ رێکەوتنی بەغدا و هەرێم.