سەردێڕ:

ئایا بوومەلەرزەکەی ٦ی مانگ پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا ئاسایی دەکاتەوە؟

PM:07:14:15/02/2023

3880 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای ئەوەی بوومەلەرزەیەکی بەهێز باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریای هەژاند، بەرپرسانی یۆنان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا تا رادەیەک چالاککردووەتەوە و وەزیری دەرەوەی تورکیاش دەڵێت، "ئەم هەماهەنگیەی یۆنان کاریگەری باشی دەبێت لەسەر پەیوەندییەکانمان."


هەفتەی رابردوو بوومەلەرزەیەکی بەهێز چەندین ناوچەی باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان و تورکیا و سوریای هەژاند و گۆڕانکارییەکی سەرەتایی لە نێوان تورکیا و یۆناندا دروستبوو، بە جۆرێک دەریا هەرێمییەکان کە خاڵی ناکۆکی نێوان ئەو دوو وڵاتەیە، بووە هێلی گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان.

چەندین خۆبەخشی یۆنانی روویان لە تورکیا کرد بۆ هاوکاریکردن لە پرۆسەی گەڕان بە دوای ئەو کەسانەی لە ژێر دارووپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا گیرییان خواردووە.

ئەو خۆبەخشە یۆنانیانەش لە رێگەی دەریای ئیجەوە گەیشتنە تورکیا کە پێشتر سەرچاوی نیگەرانی دەریایی نێوان تورکیا و یۆنان بوو، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئەنادۆلی تورکی، لە ئێستادا ٣٥ کەسی یۆنانی لە ریزی تیمە فریاگوزارییە جیهانییەکان کاردەکەن بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی تورکیا.

ناکۆکی نێوان تورکیا و یۆنان بەشێوەیەکی سەرەکی لەبەر دوو هۆکارە، یەکەمیان دابەشکردنی سنووری دەریاییە و دووەمیان گەڕاندندوەی بەردەوامی کۆچبەرە نایاساییەکانە بۆ تورکیا لەلایەن یۆنانەوە.

لەم دواییانەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەلایەن سەرۆک وەزیرانی یۆنانەوە پەیوەندی پێوەکرا و تێیدا هەماهەنگی یۆنان بۆ تورکیا دووپاتکرایەوە.

لە رۆژی یەکشەممەی پێشوو وەزیری دەرەوەی یۆنان سەردانی تورکیای کرد و بە بەپرسانی ئەو وڵاتەی وت، "نابێت چی دیکە چاوەرێی بوومەلەرزەیەکی دیکە بکەین بۆ ئەوەی دیواری نێوانمان بروخێنێت و پێویستە پەیوەندییەکامان ئەرێنیی بکەینەوە."

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەوەی خستەڕوو، راستە نەیانتوانیوە کێشەکانیان لەگەڵ یۆنان چارەسەر بکەن بەڵام لە ئێستادا بوونەتە دوو دەوڵەت کە لە کاتە سەختەکاندا هاوکاری یەکدی دەکەن و دەڵێت، "ئەم هەماهەنگییە کاریگەری باشی دەبێت لە نیوانماندا."













گەلەری