سەردێڕ:

دوای بڕیارەکەی بانکی ناوەندی بۆ داگرتنی بەهای دۆلار؛ بۆچی نرخەکەی هێشتا بەرزە؟

PM:05:48:15/02/2023

39596 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای پەسەندکردنی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە کە بریتی بوو لە دابەزینی بەهای دۆلار لە ١٤٥ هەزارەوە بۆ ١٣٠ هەزار دیناری عێراقی بەرامبەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەڵام جیاوازییەکە لەنێوان ١٥ بۆ ٢٥ هەزار دیناردا ماوەتەوە و ئێوارەی ئەمڕۆ بازارەکان بە ١٥٦ هەزار دینار داخران.


لە سەردانەکەی ئەم دواییەی شاندنی عێراق بۆ واشنتۆن لێکتێگەشتنی نێوان هەردوو لایەن سەبارەت بە رێگاکانی کۆنترۆڵکردنی قەیرانی ئاڵوگۆڕی دۆلار لەبازاڕەکانی عێراقدا راگەیاند، و دەخوازرا ئەو کەلێن و بۆشاییەی بەهۆی نرخ و بەهای دۆلارەوە لەبازاڕەکانی عێراقدا دروستبووە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی عێراق و بانکی فیدراڵی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا پڕبکرێتەوە.

پسپۆڕان و چاودێرانی ئابوری وایدەبینن سەقامگیری نرخی دۆلار پێویستی بە چەند هەفتە یاخود چەند مانگێک دەبێت، چونکە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لە ١٦٠ هەزارەوە بۆ ١٧٠ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک زیادی کرد بەڵام دوای بڕیارە فەرمییە نوێیەکە رێژەی نرخەکان لەنێوان ١٤٥ هەزار بۆ ١٥٥ هەزار دیناردا بووە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک ئەمەش بەو مانایەدێت بەبڕوای چاودێران هێشتا قەیرانەکە چارەسەر نەکراوە.

دکتۆر نەبیل مەرسومی مامۆستای ئابوریی لە زانکۆی موعەقیل لە بەسرە دەڵێت، "کەلێن و بۆشایی نێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕ چاوەڕوان دەکرێت وەک خۆی بمێنێتەوە، بەڵام گرفتەکە زیاتر لە حەواڵەی بانکی و سنووردارکردنی هاوردەکردندایە، چونکە ئەم حەواڵەکردنانە بەڕێژەی ٨٥٪ بۆ ٩٠٪ی دارایی بازرگانی دەرەکی کەمدەکرێتەوە و دەبێتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر دۆلاری نەختینەیی و لەئەنجامدا دوو نرخی جیاواز دروستدەبێت و مامەڵەی ناوخۆیی لەنێوان بازرگانەکاندا دروستدەبێت."

پسپۆڕەکە جەختیشی لەوە کردووە، ئەگەر ئەم جیاوازییە لەنێوان نرخەکاندا کۆتایی نەیەت و لەڕەگەوە چارەسەر نەکرێت ئەوا تادێت نرخی خواردەمەنی بەرزتر دەبێتەوە و بنچینەی گرفتەکە خۆی لەبەقاچاخبردنی دۆلاردا دەبینێتەوە کە بە مەبەستی ئەنجامدانی گواستنەوەی بازرگانی رەش بەکاردەهێنرێت بەو پێیەی زۆرێک لە بازرگانەکان ناتوانن مامەڵە بە پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنییەوە بکەن.

شارەزایان و پسپۆڕانی ئابوری و دراو سەبارەت بە رێکارەکانی چارەسەرکردنی قەیرانەکە چەند خاڵێک ئاماژە پێدەکەن وەک چارەسەرەکان لەبەردەم حکومەتی عێراقدا بۆئەوەی بڕیاریان لەبارەوە بدات و لێپێچینەوە لەوانە بکات کە پارە بەقاچاغ دەبەنە دەرەوە و بەشدارن لە دروستکردنی قەیرانەکەدا، و دەڵێن، "پێویستە حکومەتی عێراق چاودێری کەرتی بانکی و حەواڵەکان بکات چونکە چەندین بانک و کەرتی ئاڵوگۆڕی نافەرمی لە بازاڕەکانی عێراقدا هەن بۆیە پێویستە پێوەرەکانی پێدانی مۆڵەت بەبانکەکان تووند بکرێتەوە."

هاوکات، پێویستە رۆڵی دەزگا ئەمنییەکان و هەواڵگرییەکان لەم بابەتەدا تووندتر بکرێتەوە و رێگربن لە بردنە دەرەوەی دۆلار لەعێراقدا و رێگەنەدەن دراوی ساختەی عێراقی لەدەرەوە بهێنرێتە ناوخۆی عێراق و پێویستە هاوڵاتی عێراقی سەبارەت بە بەکارهێنانی ئامێری وەرگرتنی پارەی ئەلیکترۆنی و مامەڵەی دارایی ئەلیکترۆنی ئاگاداربکرێنەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەچوارچێوەی کۆبوونەوەی واشنتۆندا بانکی ناوەندی و گەنجینەی ئەمریکا بڕیاری کاری پێکەوەییی و هاوبەشیاندا هەتا بتوانن رووبەڕووی هەڕەشەکان و گرفتەکان ببنەوە کە لە رێگەی پلاتفۆڕمی ئەلیکترۆنییەوە پارەی کاش دەگوازرایەوە و گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "رێکارەکانی بانکی ناوەندی عێراق ئاراستەیەکی دروستی گرتووە بۆ بنیادنانی کەرتێکی بانکی تۆکمە و دووپاتیان کردەوە هاوکاری حکومەتی سوودانی دەبن."

جێگەی ئاماژەیە، پێشتر شارەزایان باسیان لەوە دەکرد، بەرزکردنەوەی رێژەی خستنەڕووی دۆلار کاریگەری دەبێت لەسەر نرخەکەی بەڵام بۆ ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق بڕی ٢١٣ملیۆن و ٢٥ هەزار و ٦٣١دۆلاری خستەروو، لەو بڕەش ١١٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی نەقدی فرۆشتووە و ٩٨ ملیۆن و ٩٢٥ هەزار و ٦٣١ دۆلاریشی بە شێوەی حەواڵە فرۆشتووە و بەراورد بە دوێنێ خستنەرووی دۆلاری بە شێوەیەکی بەرچاو زیادکردووە لە کاتێکدا دوێنێ تەنها ٩٤ ملیۆن دۆلاری خستووەتەروو، سەرەڕای ئەوەش هیچ نرخی دۆلاری دانەبەزاندووە.













گەلەری