سەردێڕ:

ناتۆ: ئەوەی لە ئۆکرانیا لێی دەترساین روویدا

PM:03:36:14/02/2023

5508 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی ناتۆ رایگەیاند، روسیا دەستی کردووە بە چڕکردنەوەی هێرشەکانی لەسەر ئۆکرانیا و دەشڵێت، "ئەو هێڕشانەی دەترساین روسیا دەستی پێبکات روویدا.


یانس ستۆڵتربێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا، روسیا دەستی کردووە بە هێرشێکی بەرفراوان و چڕ بۆسەر ئۆکرانیا و پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا هاوکاری زیاتری ئۆکرانیا بکەن.

باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا ناردنی فڕۆکەی جەنگی بۆ ئۆکرانیا کاری لەپێشینەی ئەوان نییە، بەڵکو هەوڵدەدەن کەلوپەلی جەنگی دیکە بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت پارێزگاری لە خاکەکەی بکات و جەنگەکەی لە دژی روسیا بباتەوە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ سوپای روسیا هێرشێکردە سەر ئۆکرانیا و تاوەکو ئێستاش جەنگەکە بەردەوامە و لە ماوەی رابردوودا پاش ئەوەی سوپای ئۆکرانیا توانی بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەدەستبهێنێت روسیا فەرماندەی هێزەکانی لە ئۆکرانیا گۆڕی و رایگەیاند، دەیانەوێت هێرشەکانیان چڕبکەنەوە.

لەسەرەتای جەنگیشەوە ناتۆ ئاماژەی بەوەدا، ئۆکرانیا نەبووە بە بەشێک لە رێکخراوەکەیان، بەڵام وەک وڵاتێکی رێکخراوەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و پاڵپشتی یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.













گەلەری