سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، ئەو بڕە گولـلەیەی ئۆکرانیا لە جەنگدا بەکاری دەهێنیت زیاترە لە توانای بەرهەمهێنانی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەوەش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر بەرهەمهێنانی جەنگی لە رۆژئاوا.
پاش چڕبوونەوەی هێرشەکانی روسیا بۆسەر ئۆکرانیا یانس ستۆڵتربێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ وتی، لە جەنگی ئۆکرانیادا گولـلە زۆر بەکاردێت و ئەوەش وادەکات بەرهەمهێنانی جەنگی بخاتە فشارەوە و ئەو بڕەی ئۆکرانیا بەکاری دەهێنێت چەندجارەی ئەو بڕەیە کە رۆژئاوا بەرهەمی دەهێنێت.
ئاماژەی بەوەشدا،
لە سەروبەندی کۆبوونەوەی دوو رۆژەی وەزیرانی بەرگری ناتۆدا بڕیاریانداوە ماوەی دابینکردنی
گوللـەی کالیبەری گەورە لە ١٢ مانگەوە بۆ ٢٨ مانگ بخایەنیت و ماوەی ساڵ و نێوێکی پێویست
دەبێت تاوەکو بگاتە دەستی ئۆکرانیا.
هاوکات، سەرۆکوەزیرانی
پێشووی نەورویج داوایکرد، پێش ئەوەی ساڵێک بەسەر جەنگی روسیا و ئۆکرانیادا تێپەڕ
ببێت و روسیا هێرشەکانی چڕتر بکاتەوە وڵاتانی رۆژئاوا هاوکاری زیاتری ئۆکرانیا بکەن
و چەکی زیاتری بۆ دابین بکەن.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت
لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ سوپای روسیا هێرشێکردە سەر ئۆکرانیا و رایگەیاند، هێرشەکانی
وەڵامێکە بۆ داواکاری ئۆکرانیا بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا. ناتۆش ئاماژەی بەوەدا، ئۆکرانیا نەبووە
بە بەشێک لە رێکخراوەکەیان، بەڵام وەک وڵاتێکی رێکخراوەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن و
پاڵپشتی یەکپارچەیی خاکەکەی دەکەن.