سەردێڕ:

نوێترین ئاماری قوربانییەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا گەیشتووەتە چەند؟

AM:08:49:14/02/2023

3060 جار خوێندراوەتەوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو بومەلەرزەیەی لە ٦ـی ئەم مانگەدا لە ناوچە سنورییەکانی تورکیا و سوریا روویدا ٣٧ هەزار کەسی تێپەڕاند و رێکخراوە جیهانییە مرۆییەکانیش بەردەوامن لە گەیاندنی هاوکارییەکانیان بە زیانلێکەوتووان.


بەڕێوەبەرایەتی رووبەڕووبوونەوەی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٣١ هەزار و ٦٤٣ کەس بەهۆی بومەلەرزەکەی ٦ـی مانگەوە گیانیانلەدەستداوە. بەپێی لێدوانی رێکخراوی فریاگوزاری کڵاوی سپیش لە سوریا سێ هەزار و ٧٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە ژمارەی بریندارەکانیش ١٤ هەزار و ٧٥٠ کەسی تێپەڕاندووە.

لەبارەی هاوکارییەکانیشەوە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاشکرایکرد، نۆ هەزار و ٢٤٧ کەسی بیانی بەشدارن لە کارکردن بۆ رزگارکردنی ئەو کەسانەی لەژێر دار و پەردووی باڵەخانەکاندا ماونەتەوە و ١٠٠ وڵاتیش هاوکارییان پێشکەش بە تورکیا کردووە و لە ٨٠ وڵاتی جیاوازەوە تیمی هاوکارییان بۆ نێردراوە.

لایخۆشییەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا، بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ کردنەوەی دوو دەروازەی سنووری دیکە لە نێوان تورکیا و باکوری رۆژئاوای سوریا بۆ ماوەی سێ مانگ، بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لە ٦ـی شوباتی ئەمساڵدا بومولەرزەیەک بە گوڕی ٧.٨ ناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و سوریای هەژاند و لە هەرێمیش هەستی پێکرا.













گەلەری