سەردێڕ:

چین: باڵۆنەکانی ئەمریکا زیاتر لە ١٠ جار سنوری ئاسمانیی ئێمەیان بەزاندووە

PM:04:40:13/02/2023

2548 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی چین رایگەیاند، چەند باڵۆنێکی ئەمریکیی لەماوەی ساڵی رابردوودا بەبێ مۆڵەت و رەزامەندی پەکین زیاتر لە ١٠ جار سنووری ئاسمانی چینییان بەزاندووە.


وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بەو باڵۆنە ئەمریکییانەی چوونەتە ئاسمانی وڵاتەکەیەوە هاتەدەنگ و رایگەیاند، لەماوەی ساڵی رابردوودا باڵۆنە بەرزەفڕەکانی ئەمریکا ١١ جار بەىێ مۆڵەتی چین بەسەر ئاسمانی چیندا فڕیون، کە ژمارەیان دەگاتە ١٠ باڵۆن.

ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە خستنەخوارەوەی باڵۆنەکەی چین دێت لە ئاسمانی ئەمریکادا کە ئەمریکا بە باڵۆنی سیخوڕی و هەواڵگری ناویانبرد،

دواتریش لایخۆیەوە چین رەتی کردەوە و رایگەیاند، باڵۆنەکە تایبەت بووە بە لێکۆڵینەوەی زانستی و زانینی دۆخی کەشوهەوا و بەبێ مەبەست و بە هەڵە چووەتە ئاسمانی ئەمریکاوە. ئەمەش خراپترکردنی دۆخی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکینی لێکەوتەوە و بووە هۆی ئەوەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ چین هەڵپەسێرێت و بۆکاتێکی نادیار دوای بخات.













گەلەری