پاش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەردانی ئۆکرانیای کرد ئەو دوو وڵاتە پلانیان هەیە کۆمپانیایەکی هاوبەشی دروستکردنی چەک لە ئۆکرانیا دروستبکەن.
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە زاری چەند بەرپرسێکی بەریتانیاوە ئاماژەی بەوەداوە، بەرپرسانی باڵای پیشەسازی چەک و وەزارەتی بەرگری بەریتانیا لەگەڵ هاوتاکانیان لە ئۆکرانیا دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی پلانەکانیان و دامەزراندنی کۆمپانیای هاوبەش بۆ دروستکردنی چەک و ئۆتۆمبێلی جەنگی لە ئۆکرانیا.
باسی لەوەشکردووە، کۆمپانیا
فەڕەنسی و ئەڵمانییەکانیش هەوڵیانداوە لەگەڵ ئۆکرانیادا بکەونە رێککەوتن بۆ کردنەوەی
کۆمپانیای جەنگی لەو وڵاتە، بەڵام ئۆکرانیا لەگەڵ بەریتانیادا گەیشتووەتە کۆتا رێککەوتن.
لەوبارەیەشەوە ئێد ئارنۆڵد
ئەفسەری پێشووی ناتۆ لە سوپای بەریتانیا ئاماژەی بەوەدا، پرسی دروستکردنی چەک لە ئۆکرانیا
تەنها پرسێکی بازرگانی نییە، بەڵکو رەزامەندی لایەنە سیاسییەکانیشی لەسەرە و دەبێتە
هۆی زیاتر نزیکبوونەوەی بەریتانیا و ئۆکرانیا.
فراسیس توسا شارەزای بواری
جەنگی روسی ئەوەی خستەڕوو، ئەو کارگەیەی ئۆکرانیا و بەریتانیا لە کیێڤ دروستیانکردووە
کارگەیەکی گەورەیە دەشڵێت، "ئەگەر من لەجێگەی پوتین بم یەکەم شوین کە بۆردوومانی
دەکەم ئەو کارگەیە دەبێت."
باسی لەوەشکرد، روسیا چەندان
جار هۆشیاری داوەتە وڵاتانی رۆژئاوا کە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا دەبێتە هۆی زیاترکردنی
گرژییەکان، بەڵام وڵاتانی رۆژئاوا هۆشدارییەکانیان بە هەند وەرنەگرتووە.
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، لە
٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ سوپای سوریا هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا و لەسەرەتای دەستپێکردنی
جەنگەوە بەریتانیا هاوکاری و پاڵپشتی خۆی بۆ ئۆکرانیا دووپاتکردەوە و چەند جارێکیش
بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە ئاستی باڵادا سەردانی ئۆکرانیایان کردووە.