سەردێڕ:

هێزی ئاسمانی کەنەدا تەنێکی نەناسراوی هاوشێوەی باڵۆنەکەی چین تێکدەشکێنێت

AM:08:38:12/02/2023

4788 جار خوێندراوەتەوە

هێزی ئاسمانی کەنەدا تەنێکی نەناسراوی لە ناوچەی یۆکۆنی وڵاتەکەی خستەخوارەوە و لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆی کردووە لەبارەیەەوە و دەڵێت، "ئەمە سێهەمین تەنی ئاسمانی نەناسراوە کە تێکی دەشكێنین لەماوەی هەفتەیەکدا."


جەستن ترۆدۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، تەنێکی نەناسراو بە شێوەیەکی نایاسایی بەسەر ئاسمانی کەنەدا دەفڕی و لە ناوچەیەکی باکووری رۆژئاوای کەنەدا خرایە خوارەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ پشکنینی تەنە فڕیوەکە فرۆکەی جەنگی ئەمریکی و کەنەدی لە جۆری ئێف ٢٢ خرانە جووڵە و ئەمەش سێیەمین تەنی فریوە کە تێکدەشکێنریت لە ماوەی هەفتەی رابردوودا.

ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر پرسی ئەم تەنە فڕیوە نەناسراوانە لەگەڵ جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا گفتوگۆی کردووە و لە دواتر بریاری تێکشکاندنی ئەو تەنەی ناردووە بۆ هێزی ئاسمانی کەنەدا.

لەلایەکی دیکەوە، ئانیتا ئاناد وەزیری بەرگری کەنەدا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا باسی لەوەکرد، ئەو تەنە بە بەرزایی ١٢ هەزار مەتر بەسەر ئاسمانی ناوچەی یۆکۆنی کەنەدی فڕیووە و بە دیاریکراوی لە کاتژمێر ٣:٤١ بە کاتی کەندا لە رۆژی رابردوو خراوەتە خوارەوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، تەنەکە شێوە لوولەک و بچووک بووە و لە ئێستادا لێکۆلێنەوەی زیاتری لەسەر دەکرێت و دواتر زانیاری زیاتر لەبارەیەوە دەخرێتەروو.

لە پێشتر، هێزی ئاسمانی ئەمریکا باڵۆنێکی چینی تێکشکاند و لە رۆژی هەینی تەنێکی فڕیوی دیکەی نەناسراو کە هێندەی قەبارەی ئۆتۆمبێلێک دەبوو لە ئاسمانی ئالاسکا خرایە خوارەوە.













گەلەری