سەردێڕ:

بۆچی نرخی دۆلار لە هەرێم گرانترە بەراورد بە شارەکانی عێراق؟

PM:04:16:11/02/2023

45308 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی رێگەنەدان بە گواستنەوەی دۆلار لە شارەکانی عێراقەوە بۆ هەرێم لە بازگەکاندا نرخی دۆلار لە هەرێم گرانترە بەراورد بە شارەکانی دیکەی عێراق.


جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە بازگەکانی نێوان هەرێم و عێراق رێگە نادرێت دۆلاری کاش بهێندرێتە هەرێم.

ئەمەشی بە هۆکاری سەرەکی جیاوازی نرخی دۆلار دانا لە نێوان هەرێم و شارەکانی دیکەی عێراق بە تایبەت بەغدای پایتەخت.

لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا نرخی ١٠٠ دۆلار لە بەغدا بەرامبەر بە ١٤٩ هەزار دینار بووە و لە شاری سلێمانیش بە ١٥١ هەزار و ٥٠٠ دینار ماماڵەی پێوەکراوە کە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ دینار جیاوازییەکەیانە.

جەبار گۆران ئەوەشی خستەڕوو، پێشتر جیاوازیی نرخی دۆلار تەنها ٢٠٠ دینار بووە بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ئەو رێگریانەوە جیاوازییەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی بڕیارەکانی بانکی ناوەندی ئەمریکاوە بۆ سەپاندنی رێکاری توند بەسەر بانکی ناوەندی عێراقدا نرخی ١٠٠دۆلار تاوەکو ١٧٧ هەزار دینار بەرزبووەوە، دواتر بەهۆی رێککەوتنەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی ناوەندی عێراق نرخی ١٠٠ دۆلار لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە ١٣٠ هەزار دینار بەرامبەر هەر ١٠٠ دۆلارێک دیاریکرا بەڵام بڕیارەکە نەتوانراوە لە بازاڕەکاندا جێبەجێبکرێت و نرخی ١٠٠ دۆلار لە نێوان ١٤٨ هەزار بۆ ١٥٢ هەزار دینار دایە.

ئـ.کـ

عـ. حـ













گەلەری