سەردێڕ:

دوای بوومەلەرزەکە چی روویدا؟

ساتی رزگارکردنی یەکێک لەقوربانیەکان فۆتۆ: ئانادۆڵۆ
PM:12:03:11/02/2023

11280 جار خوێندراوەتەوە

لە دوای بوومەلەرزەکەی رۆژی دووشەممەی رابردوو، تاوەکو ئێستا هەزار و ٨٩١ پاشلەرزەی دیکە روویان داوە و تەنها لە باکوری کوردستان و تورکیا ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس.


لە دوای رووداوی بومەلەرزەکەوە چەندین هاوڵاتی بە زیندوویی لەژێر داروبەردی پاشماوەی باڵەخانەکاندا رزگارکراو، تاوەکو ئێستاش کارەکانی رزگارکردنی هاوڵاتیان بەردەوامە و سەرجەم رزگارکردنەکان بۆ تیمەکان دڵخۆشکەرە، بەڵام هەر رزگاربوویەک چیرۆکێکی خۆی هەیە.
یەکێک لە چیرۆکەکانی رزگاربوونی خێزانێکی شەش کەسی بوو، کە دوای ١٠٢ کاتژمێر لە رووداوی بومەلەرزەکە رزگارکران کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمیدا لە قەزای ئیسکەندەرون سەر بە پارێزگای هاتای مابوونەوە.

چۆن رزگارکران؟

تیمەکان گوێبیستی دەنگی چەند کەسێک بوون کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی لە گەڕەکی چای گیریان خواردبوو و داوای بەهاناوەچوونیان دەکرد. دوای هەوڵێکی زۆر، تیمەکان دوای ١٠٢ کاتژمێر لە بوومەلەرزەکە، یاسەمین و قادر ئۆکتای و منداڵەکانیان ئاردای (١٥ ساڵ)، زیلانی (٢٢ ساڵ)، هێلینی (٢٤ ساڵ) و دیلانی (١٩ ساڵ)یان لە ژێر داروپەردووی داڕووخاوی باڵەخانەکەدا رزگارکرد و دواتر بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن رەوانەی نەخۆشخانە کران.

٧٠ ساڵ و ١٢٢ کاتژمێر

ژنێکی تەمەن ٧٠ ساڵ دوای ١٢٢ کاتژمێر مانەوە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی رووخاودا رزگارکرا. تیمەکانی گەڕان و رزگارکردن لە پارێزگاى مەڕەش دوای هەوڵێکی چڕ توانییان مەنەکشە تاباکی تەمەن٧٠ ساڵ کە بۆ ماوەی ١٢٢ کاتژمێر لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی داڕووخاودا گیری خواردبوو، رزگاربکەن.


 

١١٧ کاتژمێر

لە پارێزگای مەڕەش گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵ دوای ١١٧ کاتژمێر مانەوەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕوخاوەکاندا بەزیندوویی رزگارکرا.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی شارەوانی بورسا کە لە شارۆچکەی ئۆنئیکی شوبات، بەردەوام لە هەوڵی بەهاناوەچوون و رزگارکردنی ئەو کەسانەن کە لەژێر داروپەردووی باڵەخانە داڕووخاوەکاندا گیریان خواردووە، توانیان شوێنی گەنجێکی تەمەن ٣٤ ساڵ دیاری بکەن کە لە رێگه‌ی تەلەفۆنەکەیەوە پەیوەندی پێوە کردبوون و داوای بەهاناوەچوونی کردبوو.

تیمەکان توانیان دوای ١١٧ کاتژمێر لە روودانی بوومەلەرزەکە ئەو گەنجە بەزیندوویی رزگار بکەن و و دوای دەرهێنانی لەژێر داروپەردوودا گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.


دایکێک و سێ منداڵ

دوای ١٠٨ کاتژمێر لە روودانی بومەلەرزەکەی تورکیا دایکێک بەناوی نەسلیخان کاڕادەنیز (تەمەن ٣٧ ساڵ) و سێ منداڵەکەی کە لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا لە قەزای ئانتاکیای پارێزگای هاتای گیریان خواردبوو، رزگارکران.

ئامارەکان لە هەڵکشاندان

وەزیری تەندروستی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٢٠ هەزار هاوڵاتی لەژێر داروپەردووەکاندا رزگارکراون، دواتر گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دەرەوەی ناوچە کارەساتبارەکان.

وتیشی، ٩٢ هەزار و ٦٩٧ کەس لەو پارێزگایانەوە کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، گواستراونەتەوە بۆ پارێزگاکانی دیکە.

سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌دانی كاره‌سات و باری له‌ناكاوی تورکیا رایگەیاند، تاوەکو کاتژمێر ٧:٣٠ بەیانی ئەمڕۆ شەممە، ژمارەی ئەوانەی لە ئاکامی بوومەلەرزەکاندا گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٠ هەزار و ٦٦٥ کەس.

لە راگەیەندراوێکدا سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌دانی كاره‌سات و باری له‌ناكاو ئاماژەی بەوەداوە، دوای ئەو دوو بوومەلەرزەیەی کە بە گوڕەکانی ٧،٨ و ٧،٥ پلە شارۆچکەکانی پازارجک و ئەلبیستان لە پارێزگای مەڕەش روویاندا، هەزار و ٨٩١ پاشلەرزەی دیکە روویان داوە.













گەلەری