سەردێڕ:

ئەمریکا بەهۆی باڵۆنەکەی چینەوە شەش کۆمپانیای ئەو وڵاتەی خستە لیستی رەشەوە

AM:11:18:11/02/2023

3604 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی سوپای ئەمریکا لە ٤ی شوبات باڵۆنێکی چینی لە ئاسمانی وڵاتەکەی خستەخوارەوە، ئیدارەی واشنتۆن شەش کۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشی هەناردەکردنەوە بە پاساوی ئەوەی کە پشتگیریان لە بەرنامەکانی باڵۆنە چاودێرییەکەی حکومەتی پەکین کردووە.


وەزارەتی بازرگانیی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، ئەو شەش کۆمپانیا چینییە بڕیاریان داوە بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی یان سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا مامەڵە بکەن و پاڵپشتیی هەوڵەکانی بەرنامە ئاسمانییەکانی سوپای رزگاری گەل و بەتایبەت کەشتی ئاسمانی و باڵۆنەکانی چینیان کردووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەریەک لە کۆمپانیاکانی "تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانیی نانجیانگ-ی پەکین، کۆمپانیای گرووپی تەکنەلۆجیای ئەلیکترۆنی پەیمانگای توێژینەوەی چین، ٤٨هەمین پەیمانگای توێژینەوەی چین، تەکنەلۆجیای دۆنگوان لینگکۆنگ، گرووپی زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Eagles Men، تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی گوانگژۆ تیان-های-شیانگ و زانست و تەکنەلۆجیای فڕۆکەوانی Shanxi Eagles Men" خراونەتە لیستی رەشەوە.

-باڵۆنەکەی چین

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ٣ی شوباتدا رایگەیاندبوو، باڵۆنێکی هەواڵگرییان لە بەرزاییەکی زۆر بەدیکردووە کە پێدەچێت سەر بە وڵاتی چین بێت، به‌سه‌ر ئەمریکادا دەفڕێت و لە ویلایەتی مۆنتانا بەسەر چەند دامەزراوەیەکی سەربازیی هەستیاردا تێپەڕیوە کە عەمباری کڵاوی ئەتۆمی و موشەکی دوور مەودای لێبووە.

دواتر حکومەتی چین رایگەیاند، باڵۆنەکە ئامڕازێکی فڕینی مەدەنیی وڵاتەکە بووە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی کەشناسی بەکارهێنراوە و بەهۆی ئەوەی توانای کۆنتڕۆڵکردنی سنوورداربووە لەگەڵ کاریگەری بادا لە کایەی خۆی دەرچووە و بەهەڵە چووەتە ناو کایەی ئاسمانیی ئەمریکاوە.

دواتریش لە ٤ی شوباتدا لەسەر فەرمانی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکا باڵۆنەکە لەسەر زەریای ئەتڵەسی لەلایەن فڕۆکەیەکی جەنگیی سوپای ئەمریکاوە خرایە خوارەوە.
هـ.ئـ













گەلەری