سەردێڕ:

پاش رەخنەکان لە سستی گەیاندنی هاوکارییەکان بە سوریا؛ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە

AM:10:50:11/02/2023

2936 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەخنەیان لە خاوی پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان بە سوریا و رۆژئاوای کوردستان گرت، هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنەنەکە کۆدەبێتەوە.


پاش رووداوی بومەلەرزە بەهێزەکەی سنوری تورکیا و سوریا و بەشێکی باکور و رۆژئاوای کوردستان، ١٥ ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەخنەیان لە خاوی پرۆسەی گەیاندنی هاوکارییەکان گرت بە سوریا و رۆژئاوای کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنەکە بڕیارە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ بکات لەبارەی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ رۆژئاوای کوردستان و سوریا لە رێگەی دەروازەی سنوری تورکیاوە.

لەو بارەیەوە رۆنالدۆ کۆستا فیلهۆ باڵیۆزی بەرازیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، رێکخەری هاوکارییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تورکیایە و لە داهاتوویەکی نزیکدا سەردانی سوریا دەکات. هەفتەی داهاتووش راپۆرتی خۆی لەسەر ناوچەکە پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات بۆ گرتنەبەری رێکارەکان.

لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی وتەی بەرپرسێکی دیبلۆماسی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت رایگەیاندووە، داوای کردنەوەی خاڵی سنووری زیاتر دەکەن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان و رزگارکردنی قوربانیان لە سوریا.

لە رۆژی ٦ی ئەم مانگەدا دوو بومەلەرزەی بەهێز بە گوڕی ٧.٨ پلە و ٧.٥ پلە سنوری نێوان تورکیا و سوریای و چەند ناوچەیەکی رۆژئاوا و باکوری کوردستانی هەژاند و لە هەرێمی کوردستانیشدا هەستی پێکرا، سەرەڕای چەندین پاشەلەرزەی دیکە کە لەدوای بومەلەرزەی یەکەمەوە روویانداوە و بەشێکیان لە سەرووی ٤ پلە و ٥ پکەی رێختەرەوە بوون. بەهۆی بومەلەرزەکەوە تاوەکو ئێستا ژمارەی گیانلەدەستدانەکان گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٤ هەزار کەس و زیاتر لە ٨٢ هەزار کەسیش برینداربوون، هەوڵەکانیش بۆ رزگارکردنی ئەوانەی لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکادا بە زیندووی ماونەتەوە یان تەرمی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بەردەوامە.













گەلەری