سەردێڕ:

بڕیارێکی چاوەڕواننەکراوی روسیا نرخی نەوتی لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزکردەوە

PM:03:21:10/02/2023

3092 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا رایگەیاند، پێشبینیدەکەن بەهۆی سزاکانی ئەوروپا و دیاریکردنی نرخی نەوت لە لایەن کۆمەڵەی G7وە وڵاتەکەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ساڵی ٢٠٢٣ داببەزێنێت بە شێوەیەک بۆ هەر رۆژێک بەرهەمهێنانی بڕی ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە. هاوکات، نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی ٢٪ بەرزبووەوە.


میدیا روسییەکان لەسەر زاری ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەوە بڵاویانکردەوە، سەرەڕای بوونی سزا لەسەر کۆمپانیا نەوتیەکانی روسیا بە هۆی جەنگی ئۆکرانیاوە، بەرهەمهێنانی نەوتی روسیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی لە ٢٪ زیادبووە و رۆژانە ١٠ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار بەرمیل نەوت فرۆشراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پێشبینیدەکەن وڵاتەکەی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕێژەی ٥٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبکاتەوە.

جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرانیاوە روسیا رووبەڕووی ئاڵنگاری زیاتر بووەتەوە بۆ پاراستنی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت کە سەرچاوەیەکی سەرەکی وڵاتە بۆ بودجەی گشتی.

دەشڵێت، سەپاندنی سزا بەسەر روسیا لە لایەن ئەوروپا و وڵاتانی G7وە پێشبینیدەکرێت بەرهەمهێنانی نەوت داببەزێت ئەوەش دوای ئەوەی لە رۆژی ٥ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە نرخی نەوتی روسیا بە ٦٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکرا.

هاوکات، ئەلێکساندەر نۆڤاک ئەوەشی ئاشکراکرد، بۆ بڕیاردان لەبارەی کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت، روسیا راوێژی بە هیچ لایەنێک نەکردووە و بەنیازە لە مانگی ئاداری داهاتووەوە بڕیارەکە بخاتە بواری جێبەجیکردنەوە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری چەند ئەندامێکی رێکخراوی ئۆپیک پڵەسەوە بڵاویکردەوە، هاوپەیمانێتییەکە بەنیازنییە دوای بڕیارەکەی روسیا هیچ رێکارێکی نوێ بگرێتەبەر.

دوابەدوای لێدوانەکەی ئەلێکساندەر نۆڤاک جێگری سەرۆک وەزیرانی روسیا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە رێژەی ٢٪ بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە ٨٦ دۆلار و چوار سەنت فرۆشرا و یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە ٧٩ دۆلار و هەشت سەنت فرۆشرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوای ئەوەی بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی روسیا سوپای ئەو وڵاتە هێرشیکردە سەر ئۆکرانیا، ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی G7 و هاوپەیمانەکانیان زنجیرەیەک سزای ئابوری و بازرگانی داراییان بەسەر روسیادا سەپاند.













گەلەری