توێژەرێکی بواری کارەساتەکان وێنەیەکی ناوچەکانی تورکیای بڵاوکردەوە کە بەهۆی بومەلەرزەکەوە کاریگەرییان بەرکەوتووە و چۆنێتی گۆڕانکارییەکان لەزەوی ئەو ناوچانەدا نیشاندەدات.
ئەندرێس شافەر، زانایەکی ئەڵمانی بواری کارەساتەکانە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر دوو وێنەی هەمان ناوچەی تورکیای پێش و پاش روودانی بومەلەرزەکەی بڵاوکردووەتەوە کە لەئاسمانەوە چرکێندراوە و تێیدا چۆنێتی رادەی زیانەکان و گۆڕانکارییەکان نیشاندەدات لەگەڵ گۆڕانی زەوی ناوچەکانی بومەلەرزەکە.
زانا ئەڵمانییەکە پشتی بەو وێنانە بەستووە کە لەلایەن کۆمپانیای
"ماکسار"ی بواری ئاسمانەوە گیراون و لەڕێگەی کۆمپانیای گوگڵەوە بڵاوکراونەتەوە،
ئەوەش لەکاتێکدایە هەردوو وێنەکە لە ناوچەی نورداغی سەربە پارێزگای غازی عەنتاب گیراون
کە دەکەوێتە باشوری تورکیاوە و یەکێکە لە کارەساتبارترین ناوچەکانی بوومەلەرزەکە بەوەی
زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و تێکشکاندنێکی بەرچاو لەوێنەکاندا دەبینرێت بەشێوەیەک
تێکشکانەکە بە سێ تا چوار مەتر دادەنرێت لەباری
ئاسۆییدا.
لە بەراوردێکی دیکەی ئەو وێنانەی کە لە ناوچەی نورداغ گیراوە، لادانەکە بەلای
راستدا دەرکەوتووە و توێژەرەکە داوای کردووە سەیری سایلۆ داڕماوەکانی ئەم لایە بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، توێژەرە ئەڵمانییەکە بەراوردی رێگای خێرای ناوچەکەی کردووە لە
هەردوو کاتی پێش بومەلەرزەکە و دوای بومەلەرزەکەش
کە گۆڕانکارییەکی بەرچاو تێیدا روویداوە.
زانایانی بواری بومەلەرزەزانی لەماوەی رابردوودا رایانگەیاندبوو، ئەو بومەلەرزەیەی
لە تورکیا روویداوە گۆڕانکاریەکی بەرچاو لەچینی تەکتۆنی زەویدا بەدوای خۆیدا دەهێنێت
و مەودای سێ مەتر دەیجوڵێنێت کە پەیوەندیدارە بەگوڕی بومەلەرزەکە و قەبارەی ئەو زیانانەی
گەیاندوویەتی. هاوکات، درزێک لە نێوان پلێتی ئەنادۆڵ و پلێتی عەرەبیدا روویداوە، ئەمەش
دوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە بە گوتەی ئەوان گوڕی ٧.٨ پلەی ریختەر بووە.