سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق: چەند رێکارێکی نوێ بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار دەگرینە بەر

PM:09:20:05/02/2023

62796 جار خوێندراوەتەوە

پاریزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پاکێجی دووەمی کۆنتڕۆڵکردنەوەی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو رادەگەیەنن و دەشڵێت، "هیچ سنووردارکردنێکی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ئاڵوگۆڕکردن و فرۆشتنی دۆلار نییە."


بەپێی راگەیاندراوێکی نوسینەگەی پارێزگاری بانکی ناوەندی ئەمڕۆ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و نوێنەرانی بانکە حکومی و ئەهلیەکان کۆبووەتەوە و باسیان لە جێبەجێکردنی یەکەم پاکێجی رێکارەکانی نزمبوونەوەی نرخی دۆلار کردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە کۆبوونەوەکەدا پارێزگاری بانکی ناوەندی جەختی لە تواناکانی بانکی ناوەندی کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی رێکارەکان و لە ناوەڕاستی مانگی شوباتیشدا رێکاری نوێ دەخەنە جێبەجێکردنەوە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هیچ سنووردارکردنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی لەسەر حەواڵە یان فرۆشتنی کاشی دۆلار نییە و رێکارە نوێیەکان بە ئامانجی پاراستنی سیستمی بانکی عێراق و رێگریکردن لە کاری نایاسایی و رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوی پارە جیبەجێدەکرێن.

پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەکەیدا ئەوەشی وتووە، نرخی دۆلار پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتیان و توانای کڕینیانەوە هەیە و سەقامگیرییەکەی لە پێشینەی کارەکانیاندایە.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە نرخی دۆلار بەرامبەر دینار ناجێگیرە و لە نرخی فەرمی خۆی کە ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٤٧ هەزار بۆ ١٤٨ هەزاردا بوو، بەرزبووەتەوە بۆ ١٦٥ هەزار و زیاتر. کە ئەو نرخەش ناجێگیرە و لە هەفتەی رابردوودا نرخی دۆلار گەیشتە ١٧٤ هەزار دینار.
لە رۆژی ٣ی ئەم مانگەشدا، عەلی موحسین ئیسماعیل عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق و براین نێڵسن وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە تورکیا کۆبوونەوە و نوسینگەی راگەیاندنی بانکی ناوەندی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا و سەقامگیری نرخی دۆلار لە عێراقدا کراوە. ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە سەرجەم میکانیزمەکانی جێگیرکردنی نرخی دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهای دینار کرا و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جەختی لە هاوکاری وڵاتەکەی بۆ عێراق کردەوە بۆ جێگیری بارودۆخی ئابووری ئەو وڵاتە. ئامادەیی خۆشیان نیشاندا کە لە کۆبوونەوەی ٧ی ئەم مانگەدا لەگەڵ شاندەکەی عێراق بگەنە رێککەوتن.
ئـ.کـ
هـ.ئـ













گەلەری