بەریتانیا بڕیارێکی نوێی لەبارەی ئەو کۆچبەرانەوە دەرکرد کە لە کەناڵی ئینگلیزییەوە چوونەتە خاکەکەی و رایگەیاند، ئەو کۆچبەرانە ناتوانن تانە لە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەیان بدەن.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لە راگەیاندنی بڕیارێکەدا ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر بە نایاسایی لە کەناڵی ئاویی ئینگلیزەوە گەیشتوونەتە خاکی بەریتانیا و فشارێکی زۆریان خستووەتە سەر سیستمی پەنابەری ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشداوە، حکومەتی بەریتانیا
دەیەوێت رێگری بکات لە تانە دان لە بڕیاری دیپۆرتکردنەوە لەلایەن ئەو کەسانەی لە رێگایکەناڵی ئاویی ئینگلیزەوە و بەهۆی بەلەمی بچووکەوە
خۆیان گەیاندووەتە ئەو وڵاتە.
وتیشی، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا
کار لەسەر دوو رێکاری بەرەنگاربوونەوەی گرفتی کۆچی نایاسایی دەکات ئەوانیش بریتین
لە: "قەدەغەکردنی داوای مافی پەنابەری یان کاتێک بتوانن تانە لە بڕیاری دادگا
بدەن کە دیپۆرتکرابێتنەوە."
باسی لەوەشکردووە، "هەنگاوی لەپێشینەی
ئێمە کۆتایی هێنانە بەو پەڕینەوە نایاساییانە. هەر بۆیە بەلەمی بچووکی چاودێری و تیمی
تۆکمە بۆ ئەو مەبەستە راسپێردراون بۆئەوەی کۆتایی بە قاچاغچێتی بە مرۆڤەوە بهێنین."
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی
رابردوودا فەڕەنسا و بەریتانیا رێککەوتن لەسەر هاوکاریکردنی یەکدی بۆ توندکردنەوەی
رێکارەکانی پەڕینەوەی کۆچبەران لە کەناڵی ئینگلیزییەوە بۆ بەریتانیا.
کەناڵی ئینگلیزی کەناڵێکی ئاوییە؛
کە لەنێوان هەردوو وڵاتی فەرەنسا و بەریتانیادایە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا
رێژەی کۆچی کۆچبەران لەو کەناڵەوە رووی لە زیادبوونکردووە و تاوەکو ئێستاش چەندین
رووداوی نوقومبوونی بەلەمی کۆچبەران لەو کەناڵەدا روویداوە، کە بەشێکی
قوربانییەکان کورد بوون.
هـ.حـ
هـ.ئـ