جیگری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاساییبوونەوەی نرخی دۆلار و نزمبوونەوەی بۆ ١٤٦ هەزار کاتی پێویستە و ئەگەری هەیە لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا نرخی دۆلار ئاسایی بێتەوە، دەشڵێت،"سبەینێ دۆلاری زیاتر دەخرێتە بازاڕەوە ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار."
فالح داود جێگری پێشووی پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی وتی، نرخی دۆلار بە چەند چرکەیەک کۆنتڕۆڵ ناکرێتەوە و ماوەیەکی پێویستە و بانکی ناوەندیش چەند رێکارێکی جێبەجێ کردووە و وردە وردە نرخی دۆلار سەقامگیر دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بانکی
ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا چەند رێوشوێنێکیان گرتووەتە بەر و لە
ماوەی داهاتوو نرخی دۆلار دەگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی و پێشبینی دەکرێت لە دوای
مانگی نیسانەوە نرخی دۆلار بگەرێتەوە بۆ نرخی فەرمی خۆی کە لەلایەن بانکی ناوەندی
دیاریکراوە کە تێیدا ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، نرخی دۆلار
بە رێژەی خستنەبازاریەوە بەسراوەتەوە و بۆ ئەوەی نرخی دۆلار کۆنتڕۆڵ بکرێتەوە پێویستە
ئەو دراوە بە شێوەیەکی زیاتر بخرێتە بازاڕەوە و پێویستی ناکات هاوڵاتیان نیگەران
بن لە بەرزبوونەوەی بەهای ئەو دراوە چونکە یەدەگی دارایی عێراق بەهێزە.
باسی لەوەشکرد، وەکو سەرۆک
وەزیرانی عێراق ئاماژەی پێدا وا باشترە هاوڵاتیانی عێراق دەست بە دراوی دیناری خۆیانەوە
بگرن تا بەتەواوەتی نرخی دۆلار دەگەرێتەوە باری ئاسایی خۆی و دەڵێت، "گرەنتی
کراوە نرخی دۆلار دادەبەزێت."
ئەوەشی ئاشکرا کرد، سوپرایزەکەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیاندنی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکایە و رێژەی فرۆشتنی
دۆلار بە گەشتیاران لە پێنج هەزارەوە بۆ حەوت هەزار دۆلار زیادکراوە و رێگە دەدەن
بە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی داواکاری پێشکەش بکەن بۆ کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی عێراق
و ئەمەش خستەنبازاڕی دۆلار زیاد دەکات و لە ئەنجامدا نرخی دۆلار ئاسایی دەبێتەوە.
روونیشیکردەوە لە ماوەی
رابردوو بانکی ناوەندی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دەخستەبازاڕەوە و لە ئێستادا ٦٠ ملیۆن دۆلار
دەخرێتە ڕوو و ئەمەش یەکێکە لە هۆکارەکانی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و بڕیارە
لە رۆژی یەکشممەوە دۆلاری زیاتر بخرێتەڕوو.
جێگری پێشووی پارێزگاری
بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشدا، کەمکردنەوەی بەهای دۆلار تەنها لە ژێر دەستی بانکی
ناوەندی عێراق نییە و دەگەرێتەوە بۆ دواکەوتنی قبووڵکردنی داواکاری حەواڵەکانی دۆلار
لەلایەن بانکی فیدڕاڵی ئەمریکاوە و ئەو دوو لایەنە پێکەوە دەتوانن بەهای دۆلار
ئاسایی بکەنەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، بازرگانی
لەگەڵ وڵاتانی ئێران و تورکیا لە رێگەی دراوی دۆلارەوە ئەنجام دەدرێت و عێراقیش پێویستی
بەو جووڵە بازرگانی دەبێت لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا و بەشێک لەو دۆلارەی دەخرایە
بازاڕەوە بە مەبەستی بازرگانی بەکار دەهات و بانکی فیدراڵی ئەمریکاش ئەم جووڵە
بازرگانیانەی عێراقی لەگەڵ وڵاتان لا پەسەند نەبوو بۆیە پێداچوونەوەی جووڵەی دۆلاری
لەگەڵ عێراقدا کرد.
باسی لەوەشکرد، ئەو دۆلارەی
لە عێراقدا بوونی هەیە بانکی ناوەندی دابینی دەکات و هەمووی بە رێگەی فەرمی پەیدا
دەکرێت و ئەو دۆلارەی بەقاچاخ دەبرێت لە رێگەی بازاڕەوە دەبرێت و بۆ ئەو مەبەستەش
ئەنجوومەنی وەزیران چەند رێکارێکی دیاریکردووە بۆ سنووردارکردنی ئەو کردەوە نایاساییانە.
ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، لە
رۆژی رابردوو بانکی ناوەندی عێراق و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەیەکدا
لەسەر میکانیزمەکانی سەقامگیرکردنەوەی بەهای دۆلار لە عێراق رێککەوتن و کاریگەرییەکی
بەرچاوی لەسەر بازاڕەکانی دراودا هەبوو.
ئـ.عـ
ئـ.کـ