ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەزامەندی دەربڕیوە بە ناردنی ٨٨ تانکی سەربازی کە نوێترین تانکی ئەڵمانین بۆ ئۆکرانیا تاوەکو ئەو وڵاتە بتوانێت لە جەنگەکەی لەگەڵ روسیادا بەکاریان بهێنێت.
سەرەڕای هۆشدارییەکانی روسیا بۆ ئەڵمانیا ستیڤن هیبیشترایت وتەبێژی حکومەتی ئەو وڵاتە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو وڵاتە رەزامەندی دەربڕیوە بە ناردنی ٨٨ تانکی سەربازی لە جۆری لیۆپارد کە توانای هەڵگرتنی ٤٢ گولـلە تۆپی هەیە.
لە کۆتایی مانگی پێشوودا ئۆلاڤ
شۆلتز راوێژکاری ئەڵمانیا وتی، ١٤ تانکی لیۆپارد دەنێرن بۆ ئۆکرانیا و رێگا بەو وڵاتانە
دەدەن کە پێشتر ئەو جۆرە تانکەیان کڕیوە بیبەخشنە ئۆکرانیا.
بەپێی میدیا جیهانییەکان ئەو
تانکەی ئەڵمانییە بۆ ئۆکرانیای ناردووە کێشی ٦٦ تەنە و درێژیەکەی نۆ مەترە و پانیەکەی سێ مەترە، تانکەکە
جێگای چوار سەربازی تێدا دەبێتەوە و قەبارەی لولەی تۆپەکەی ١٢٠ ملیمەترە و ٤٢ گولە
تۆپ هەڵدەگرێت و دوو دۆشکەی لەسەرە و تاوەکو دووری پێنج کیلۆمەتر ئامانجەکەی دەپێکێت
و خێرایی تانکەکە دەگاتە ٧٤ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا روسیا هۆشداری دایە ئەڵمانیا و
ئەمریکا لە ناردنی تانکی پێشکەوتووی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و ئاماژەی بەوەدا، ناردنی
ئەو تانکانە دەبێتە هۆی قوڵتربوونەوەی جەنگی ئۆکرانیا.
لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢ـدا روسیا بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا هێرشیکردە
سەر ئۆکرانیای دراوسێی.