هاوپەیمانیەتی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت ناسراو بە رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، لەسەر هەمان سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوت بەردەوام دەبین و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا ناکەین.
رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لەچوارچێوەی کۆبوونەوەی لیژنەی وەزارەتە هاوبەشەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد هەوڵدەدەن چاوەڕوانییەکانی خواست لە چین و ترسی سستبوونی ئابوری هاوسەنگ رابگرن.
رێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆبوونەوەی
داهاتووی لیژنەکانی وەزارەت لە مانگی نیسانی داهاتوودا دەبێت و رێکخراوەکە پابەندی
خۆی بە بڕیارەکەی پێشووەوە دووپاتکردەوە کە بریتییە لە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت
بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە.
بڕیارەکەی ئۆپیک پڵەس کە لە مانگی
تشرینی یەکەمی رابردوودا دەرکرا، کەمکردنەوەی ٢٪ی خواستی جیهانی بوو بۆ نەوت تا
کۆتای ساڵی ٢٠٢٣ بۆ پاراستنی نرخی نەوت و رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو ئالنگاریانەی
لە رووی ئابوری و ئەمنییەوە رووبەڕووی جیهان بووەتەوە.
عەلا یاسری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی 'سۆمۆ'
رایگەیاند، عێراق رێژەی کەمکردنەوەی نەوتی لە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ناوخۆ وەبەرهێناوە
و سەرکەوتوو بووە لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتە داراییەکانی.
جەختیشی لەوە کردەوە کە راپۆرتەکان ئاماژەیان بە پابەندبوونی عێراق کردووە
بە ئاستەکانی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان بە گوێرەی راگەیاندراوەکانی رێخراوی ئۆپیک
پڵەس.