سەردێڕ:

هۆشیار عەبدوڵا: ئەمریکا بەهای دۆلار لە عێراق کۆنتڕۆڵ دەکات

PM:09:00:21/01/2023

3800 جار خوێندراوەتەوە

چاودێرێکی سیاسی و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەوەی لە ئێستادا کۆنتڕۆڵی بەهای دۆلار لە عێراق دەکات ئەمریکایە ناڕازییی ئەویش لە سیستەمی فرۆشتنی دراو لە بانکی ناوەندی عێراق نرخی دۆلاری گەیاندە ئەم ئاستە و ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی عێراق پشتیوانی لە سەرۆک وەزیران بکەن بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ باری پێشووی خۆی.


هۆشیار عەبدوڵا چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا ناڕازییە لە سیستەمی فرۆشتنی دراوی دۆلار بەو رێگەیەی بانکی ناوەندی ئەنجامی دەدات چونکە پێی وایە گەندەڵییەکی زۆری تێدا دەکرێت و دراوی وڵاتەکەی دەگاتە دەستی هەڵە.

ئاماژەی بەوەشدا، سیستەمی فرۆشتنی دراو لە بانکی ناوەندی پێچەوانەی رێکارە دیارکراوەکانی ئەمریکایە چونکە ئەو سیستەمەی بانکی ناوەندی عێراق بەکاری دەهێنێت ئەمریکا توانای چاودێری کردنی مامەڵەکانی کڕین و فرۆشتنی دۆلاری نییە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەهای دۆلار لە عێراقدا لە رێگەی خستنەڕووی ئەو دراوە نرخەکەی کۆنتڕۆڵ دەکرا و لە ماوەی رابردوو و لە هەندێک کاتدا بانکی ناوەندی تەنها لە ماوەی چوار رۆژدا یەک ملیار دۆلار بۆ مامەڵەکردن خستووەتەڕوو و بەهۆی ئەوەوە بانکی ناوەندنی ئەمریکا بەو جۆرە مامەڵەکردنە ئابورییە رازی نەبوو.

باسی لەوەشکرد، بانکی ناوەندی ئەمریکا لە رێگەی کۆدی تایبەتی دراوەکەیەوە توانای ئەوەی هەیە ئاگاداری جموجۆڵی دراوەکەی بێت و لە رێگەی ئەو چاودێرییەشەوە پێی زانیوە کە دۆلاری بەخشراو بە عێراق لە ئێران بەکارهێنراوە و دەشڵێت، "عێراق ناچار دەبێت کۆنتڕۆڵی دۆلار لە عێراقدا بداتەوە دەست ئەمریکا."

ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەگەر لایەنە سیاسیەکانی عێراق هاوکاری حکومەتی محەمەد شیاع بکەن و پڕۆژە یاسای بودجە بنێرنە پەرلەمان ئەوا ئەگەری هەیە بەهای دۆلار بگەڕیتەوە بۆ خوار ١٥٠ هەزار، بەڵام ئەگەر هاتوو دۆخی سیاسی عێراق گرفتی تێدا دروستببێت ئەوا هەڕەشە لەسەر بەهای دینار دروست دەبێت.

روونیشکردەوە، گەورەترین گەندەڵی لەسەر سیستەمی فرۆشتنی دۆلاری بانکی ناوەندی عێراق ئەنجامدراوە و ئەمەش کێشەیە چونکە هەر وڵاتێک دراوە بیانییەکانی بەو ئاسانییە لە ناوخۆی وڵاتەکەی بچێتە دەرەوە ئابورییەکەی دووچاری داڕمان دەبێت.













گەلەری