وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، رووداوەکانی هاتوچۆ و حاڵەتاکانی گیانلەدەستدان بە رووداوەکان لە ساڵی ٢٠٢٢ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لەسەر هاوڵاتیان پێویستە لەمساڵدا بە شێوەیەکی باشتر پابەندی یاسا و رێنماییەکان بن.
بەهمەن عەبدوڵا وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی لە لێدوانێکدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاماری رووداوەکانی هاتوچۆ بەراورد بە ساڵی پار کەمترە و داوا لە خەڵکی هەرێم دەکەن بە گشتی لەم ساڵدا زیاتر پابەندی یاسا و رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی
گشتی هاتوچۆی سلێمانی، لە ساڵی ٢٠٢١ هەزار ٢٤٠ رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای سلێمانی
روویداوە و لە ناو ئەو رووداوانەدا ٢٣١ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
هاوکات، لە ساڵی
٢٠٢١ سێ هەزار و ٨٤٩ کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆی ناوخۆیی پارێزگای سلێمانی برینداربوون.
لە ئامارەکەدا
ئاماژە بەوەشدراوە، لە ساڵی ٢٠٢٢ی رابردوو هەزار ٤٤ روداوی هاتوچۆ روویداوە و بەراورد
بە ساڵی پێشتری بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.
جێگای ئاماژەیە،
لە رووداوە هاتوچۆکانی ساڵی رابردوودا ١٧٤ حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە و هەر
لەو رووداوەنەدا سێ هەزار ٨٤٣ کەس برینداربوون.
رووداوەکانی
هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە هەرێمدا دادەنرێت و
هەندێک جار کەمئەندامبوونی لێدەکەوێتەوە، هاتوچۆش داوا لە هاوڵاتیان دەکات زیاتر
پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ و خێرایی دیاریکراوی شەقام ببن و بەشێکی شۆفێرانیش
باس لە خراپی رێگاو بانەکان دەکەن کە هاوکاری شۆفێر نییە لە کۆنترۆڵکردنی
بارودۆخدا.