سەردێڕ:

بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی هەرێم: مەترسی لەسەر سامانی ئاو هەیە و حکومەتیش کەمتەرخەمە

PM:11:25:08/01/2023

3852 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی هەرێم رایگەیاند، مەترسی لەسەر رێژەی ئاوی هەرێم هەیە و حکومەتی هەرێمیش کەمتەرخەمە لەسەر ئەو پرسە لە بەرامبەردا شارەزایەکی بواری جیۆفیزیک دەڵێت، "پێویستە ٥٠٠ ملیمەتر باران ببارێت تاوەکو وشکەساڵی دروست نەبێت."


ئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری پێشووی بەنداوەکانی هەرێم لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، ئەو رێژە بارانای لەمساڵدا باریوە سوودێکی کشتوکاڵی باشی هەبووە و تا رادەیەک بەنداوەکان بڕبوونەتەوە، بەڵام بەهۆی زۆری دەستێوەردان ئەم بارانە زۆر کار لە بەرزبوونەوەی رێژەی ئاوی ژێر زەوی ناکات.

ئاماژەی بەوەشدا، "رێژەی باران بارین ئەگەر زۆریش بێت تاوەکو کارگێری دابەشکردنی ئاو بە شێوەیەکی باش نەبێت ناتواین سوود لە باران بارین وەربگرین و تا ئێستا تەنها بەنداوە بچووکەکان پڕبوونەتەوە بەنداوە گەورەکان هیچ گۆڕانکارییان بەسەردا نەهاتووە."

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر بەنداوی زیاتر لە هەرێمدا دروستبکرێت و ئاوی باران بە شێوەیەکی باشتر کۆبکرێتەوە ئەوا کارگێڕی دابەشکردنی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانکاری ئەرێنی بەسەردا دێت.

باسی لەوەشکرد، کێشەی کەمی ئاو بۆ هەرێم لە عێراق زیاترە چونکە ئەگەری هەیە لە کاتی کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی ئاو هاوڵاتیانی عێڕاق بەرەوە هەرێم کۆچبکەن و ئەو کاتەش مەترسی لەسەر رێژەی سامانی ئاوی هەرێم دروست دەبێت.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، حکومەتی هەرێم توانای دروستکردن و تەواوکردنی پڕۆژەکانی بەنداو هەیە و لە ئێستادا چەندین پڕۆژە راگیراوە و ئەگەر ئەو پڕۆژەی بەنداوانە تەواو بکرێن ئەوا ٦٠٪ی کێشەکانی ئاوی هەرێم چارەسەر دەکرێت و دەشڵێت، "سەرجەم پڕۆژەکان پێویستیان بە هەشت ملیار دۆلارە و ماوەی ١٠ ساڵی پێدەچێت."

لەلایەکی دیکەوە پێشەوا محەمەد شارەزای بواری جیۆفیزیک رایگەیاند، باران بارینی هەرێم پەیوەستە بە کەشوهەوای دەریای ناوەڕاستەوە گۆڕانی کەشوهەوای پرسێکی جیهانییەوە تەنها هەرێم و عێراق پێی کاریگەر نەبووە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە هەرێمی کوردستان تەنها دەتوانرێت پێشبینی کەشوهەوای پێنج رۆژ بکرێت و پێشبینییەکانی مانگ و دوو مانگ ئەستەمە و لەمساڵدا پێشبینی دەکرێت ساردترین رۆژی وەرزی زستان بگاتە چوار بۆ پێنج پلەی ژێر سفر ئەویش تەنها بۆ سێ رۆژ یان کەمتر بەردەوام دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی داتاکانی کەشناسی لە ساڵەکانی ١٩٨٨ و ٢٠١٩ زۆرترین رێژەی باران لە هەرێم باریوە و بە شێوەیەک زیاتر لە رێژەی ناوەند بووە و ئەگەر ساڵانە ٥٠٠ ملیمەتر باران ببارێت ئەوا وشکەساڵی دروست نابێت، ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا لە هەرێم ١٩٤ ملیمەتر باران باریوە.

باسی لەوەشکرد، "ئاستی ئاوی بەنداوەکان کەمیکردووە و مەترسییان لەسەرە. چەندین شوێن لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ دروستکردنی بەنداو بەڵام حکومەت کەمتەرخەمە لێی."

ئەوەشی ئاشکرا کرد، لە هەندێ لە وڵاتان ساڵانە ٤٥٠ ملیمەتر باران دەبارێت و وشکەساڵی لێی دروستنابێت، بەڵام لە هەرێم ساڵەنە ٧٠٠ ملیمەتر باران دەبارێت کەچی وشکەساڵی دروست دەبێت و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بەنداوی پێویست.













گەلەری