سکرتێری گشتی رێکخراوی ئۆپیک پڵاس لە شەشم ساڵیادی رێکخراوەکەدا جەختی لە گرنگی هاوبەشی وڵاتانی بەشداری رێکخراوەکە کردەوە و رایگەیاند، "دوای شەش ساڵی دیکە سەقامگیرییەکی تەواو لە بازاڕی نەوتدا دروست دەبێت".
لە ساڵیادی شەشەمی دروستکردنی رێکخراوی ئۆپیک پڵاس کە پێکهاتووە لە وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت و چەند وڵاتێکی دیکەی وەک روسیا، هەیسەم ئەلغەیس سکرتێری گشتی رێکخراوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، هاوبەشی نێوان وڵاتانی رێکخراوەکە
لە چوارچێوەی کاری پێکەوییان گرنگە و چوارچێوەیەکی هاوکاری بێ وێنەیە لە نێوان ٢٣
وڵاتدا، کە لەسەر بنەمای متمانە و رێزگرتنی یەکتر و گفتوگۆ دامەزراوە.
باسی لەوەشکردووە، چوارچێوەی هاوکارییەکانی ئۆپیک لە شەش ساڵی داهاتوودا
رۆڵێکی گرنگی لە سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی نەوتدا دەبێت کە یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی
بەرەوپێشچوونی وەبەرهێنانی بواری وزەیە.
دەشڵێت. ئۆپیک سورە لەسەر هاوکاری و گفتوگۆ بۆ سوودی هەموو بەرهەمهێنەران
و بەکاربەران و وەبەرهێنەران و هەروەها ئابووری جیهانی بە گشتی.
ئەمە لەکاتێکدایە، لە رێکەوتی ١٤ی ٩ی ١٩٦٠ لە شاری بەغدا بە بەشداری
عێراق و ئێران و کوێت و سعودییە و فەنزوێلا رێکخروی ئۆپیک دامەزرێنرا. دواتر رێکخراوەکە فراوانکرا
و چەندین وڵاتی دیکە بوونە ئەندام کە لە ئێستادا ١٣ وڵات ئەندامن. دواتر لە مانگی
تشرینی دووەمی ٢٠١٦ هەریەک لە روسیا و ئازەربایجان و بەحرەین و برونای و کازاخستان
و مالیزیا و مەکسیک و عومان و باشوری سودان و سودان بوونە هاوپەیمانی رێکخراوەکە و
رێکخراوی ئۆپیک پڵەسیان پیکهێنا بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت و سەقامگیری بازاڕی نەوت لە جیهاندا.