سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ: حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم نە نەوتی پێویست دابیندەکات نەکارەبا

PM:08:41:10/12/2022

1624 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پارتی و یەکێتی لەچەند جێگایەک چەند شۆوڕومێکیان کردووەتەوە و شاندە بیانییەکان دەبەنە ئەو شۆوڕومانەو بەنیازن خەڵکی بیانی بەوە تێبگەیەنن کە ئەمە نمونەی کوردستان و ژیانی خەڵکی کوردستانە. دەشڵێت، "حکومەتی هەرێم جگە لە لە ماڵوێرانی و سفرەی خاڵی و ماڵی سارد و پڕزوقم و تاریک بۆ زۆرینەی خەڵک هیچ بەرهەمێکی تری نەبووە".


ئەمڕۆ شەممە، ئاریان تاوگۆزی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردەوە، "ئەگەر وڵات خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی دابین بوایە ئەوا دەمانتوانی بەرامبەر بە شاشەی تەلەفزیۆنەکانمان کەمێک بە دڵێکی ئارامەوە لە یارییەکانی جامی جیهانی بڕوانین".

دەشڵێت، بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتە ماوەبەسەرچوەکەی هەرێم جگە لە ماڵوێرانی و سفرەی خاڵی و ماڵی سارد و پڕزوقم و تاریک بۆ زۆرینەی خەڵکی کوردستان هیچ بەرهەمێکی تری نەبووە و نیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لە یەکێک لە سارترین شوێنەکانی کوردستان، شاری پێنجوێن جگەلەوەی تەنها ١٧٠ لیتر نەوتی سپی دابینکراوە و بەنرخێکی گران ئەوا کارەبای شارەکەیان بەڕێژەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە.

باسی لەوەشکردووە، لەم زستانەیا و زۆرینەی خەڵکی شاری پێنجوێن لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١١ کاتژمێر بەردەوام بێکارەبان.

دەشڵێت، هیچ جۆرە لێکۆڵینەوە و ئامارێک نیە لە ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی ساڵانەی بەهۆی سەرماوە کۆچیدوایی ئەکەن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کۆتاییەکانی مانگی ١٢ و هەموو مانگی ١ی هەموو ساڵێک رێژەیەکی زۆر بەفر لەو ناوچانە دەبارێت و ئاوڕدانەوە لەو خەڵکە ژیانیان دەپارێزێت بەپێچەوانەوە ژیانی چەندین مناڵ و بەتەمەن دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئاریان تاوگۆزی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت، پارتی و یەکێتی لەچەند جێگایەک چەند شۆوڕومێکیان کردووەتەوە و شاندە بیانییەکان دەبەنە ئەو شۆوڕومانەو بەنیازن خەڵکی بیانی بەوە تێبگەیەنن کە ئەمە نمونەی کوردستان و ژیانی خەڵکی کوردستانە. سەردانی سەرۆکی حکومەتی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ سەرۆکی هەنگاریا بۆ قوتابخانەیەکی تایبەت بووەتە جێگای گاڵتەجاڕی خەڵک.













گەلەری