ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لەگەڵ خاوەن پرۆژە و کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەدا، سەنتەرەکانی توێژینەوە رادەسپێرن هاوکاری جوتیاران بکەن. لەلایەکی دیکەشەوە بۆ ساغبوونەوەی بەرهەمی ناوخۆ ٢٥ تۆن کەلەرم لە سنوری هەولێرەوە گەرێندرایەوە.
ئەمڕۆ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێم لەگەڵ خاوەنی پڕۆژە و کارگەکانی ووشک کردنەوەی گەنمەشامی کۆبۆوە و باسی لە وەرگرتنەوە و ساغکردنەوەی بەرهەمی گەنمەشامی ئەمساڵ کرد لەگەڵ نرخی وەرگرتنەوەی بڕی بەرهەمهاتووی گەنمەشامی.
بەپێی راگەیاندراوی کشتوکاڵ، ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی زیادیکردووە،کە پێشبینی نزیکەی
نیو ملیۆن تۆن دەکرێت. لەو بارەیەوە وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، ئەرکی
وەزارەتە پاڵپشتی لە ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵیەکان بکات و گرنگی بە بنەتۆی پێشکەوتووی
گەنمەشامی بدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەنتەرەکانی
توێژینەوە و رێنمایی کشتوکاڵی وەزارەت ڕادەسپێرن بە مەبەستی ڕاهێنان و رێنماییکردنی
جوتیاران و ئاشناکردنیان بە کشتوکاڵی مۆدێرن، لەگەڵ بەدواداچوون بۆ کێشە و داواکارییەکانی
خاوەن کارگەکانی وشککردنەوەی گەنمەشامی، بۆئەوەی هەماهەنگی زیاتر هەبێ لەنێوان وەزارەت
و جوتیاران و خاوەنی کارگەکاندا.
لەلایەکی دیکەشەوە
بەرێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاندووە، "لەسەر سکاڵای جوتیاران تایبەت
بە کێشەی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان و زانیاری دەربارەی هاوردەکردنی کەلەرم لە دەروازەکاندا،
ئەمڕۆ دووشەممە لە کەرەنتینەی شێراوەی سەر بە کشتوکاڵی ھەولێر رێگری کرا لە داخڵبوونی
بارێکی کەلەرمی هاوردەکراو.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە
بارەکە بڕی ٢٥ تۆن کەلەرم بووە و بۆ پشتگیریکردنی بەرھەمی ناوخۆی جوتیارانگەڕێندراوەتەوە.
کشتوکاڵی هەولێر دەشڵێت،
هەر لە ١ی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵەوە هاوردەکردنی سەوزەی کەلەرم قەدەغەکراوە تاوەکو
٣ی مانگی ١ی ساڵی داهاتوو.
هـ.ئـ