بەو پێیەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لە رەگ و ریشەی نەریتە باوەکاندا بوونی هەیە وەک بۆنەیەکی دڵخۆشکەر، ساڵانە پرسیارێک نوێدەبێتەوە سەبارەت بە بۆچوونی مەزهەبەکان لە رووی حەڵالی و حەرامی یادکردنەوەی ئەم بۆنەیە.
وەک چۆن لە زۆرێک لە کەیسە ئیسلامیەکاندا زانایانی ئایینی لەسەر یەک رێرەوی هاوشێوە نین سەبارەت بە یادکردنەوەی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام، بەڵام هەموو ساڵێک لە رۆژی "١٢ی ربيع ئەلئەوەل" لە ساڵنامەی کۆچی زۆربەی موسڵمانان یادی ئەم رۆژە دەکەنەوە و لە بەرامبەردا مەزهەبی ئایینی شیعە یادکردنەوەی ئەم رۆژەی خستووەتە رۆژی ١٧ی رەبیع ئەلئەوەل بۆیە مانگی رەبیع ئەلئەوەل بە مانگی یادکردنەوەی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام هەژمارکراوە.
جیاوازی لە رێکەوتی
رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام لەلای مەزهەبی شیعە دەگەرێتەوە بۆ ئەو بانگەوازەی
هەفتەی یەکێتی ئیسلامی کە لەلایەن "روح الله الخميني" سەرۆکی پێشووی کۆماری
ئیسلامی ئێرانەوە دارێژراوە لە ساڵی ١٩٨١ وەک ئامڕازێک بۆ پێکەوە بەستنەوەی مەزهەبی
شیعە و سونە.
لە ئەدەبیاتی ژیاننامەی
پێغمبەری ئیسلامدا وردەکاری جۆراوجۆر سەبارەت بە رۆژی لە دایکبوونی ئەو کەسایەتییە
خراوەتەڕوو، یەکێک لە بەڵگەکانیش ئەوەیە کە رۆژی دووشەممە لە دایکبووە، چونکە کاتێک
پرسیاریان لێکردووە کە بۆچی رۆژی دووشەممە بەڕۆژوو دەبێت، وتوویەتی، "چونکە رۆژی
لە دایکبوونمە."
لە هەمان ئەدەبیاتدا
ئاماژە بەوەدراوە، کە لە ساڵی فیلدا لە دایکبووە کە دەکاتە ساڵی ٥٧٠ یان ٥٧١ی زاینینی،
هەمان ئەو ساڵەیەکە کە ئەبرەهە حەبەشی حاکمی ئەو سەردەمەی یەمەن هێرشیکردە سەر مەککە
و هەوڵی روخاندنی کەعبەی دا و سووپاکەی سوارچاکی فیل بوون.
سەرەتای یادکردنەوەی
رۆژی لە دایکبوونی پێغمبەری ئیسلام دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی فاتمییەکان لەدوای
رۆشتنیان بۆ وڵاتی میسڕ لە ساڵی ٩٦٩ی زاینیی هاوکات پێشینە مێژووییەکان ئەوە دەخەنەڕوو،
یادکردنەوەی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر رێگایەکی خەلافەتی فاتمی بوو بۆ نزیکبوونەوە
لە میسڕییەکان.
لەگەڵ گۆڕانی دەسەڵاتی
یەک لە دوای یەک و بوونی ناکۆکی ئیسلامی، یادکردنەوەی لە دایکبوونی پێغەمبەر هەندێک
جار دەکرا و هەندێک جاریش نەدەکرا، پاشان لە کاتی حوکمڕانی ئەیوبییەکان بە تەواوەتی
رێگری لەو یادکردنەوەیە کرا.
لە دواییدا مەمالیکەکان
دووبارە رێگەیان بە یادکردنەوەی رۆژی لە دایکبوونی پێغەمبەر دا و لە کۆتاییدا لە سەردەمی
محەمەد عەلی پاشا ئەو بۆنەیە وەک نەریتی سۆفیەت ناسێنرا.
ئـ.عـ