سەردێڕ:

رێکخراوی پەیوەندی جیهانی ئیسلامی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد

PM:11:37:29/09/2022

1672 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی پەیوەندی جیهانی ئیسلامی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد لە هەرێمی کوردستان کە بەهۆیەوە چەندین شەهید و برینداری لە خەڵکی مەدەنی لێکەوتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد عەبدولکەریم عیسا، سەرۆکی رێکخراوی پەیوەندی جیهانی ئیسلامی لەڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانی کرد بۆسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و بە پێشێلکردنی دوژمنکارانەی ئاسایش و سەروەری و پارێزراوی گەلی عێراق وەسفی کرد.

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەڵوێستی رێکخراوی پەیوەندی جیهانی ئیسلامی نەگۆڕ و چەسپاوە و دژی هەموو کردەوەیەکی دەستدرێژیکارانەیە کە پێشێلی رێککەوتننامە و نۆرمە نێودەوڵەتییەکان بێت کە لەسەری رێککەوتوون.

وتیشی، بەناوی سکرتاریەتی گشتی رێکخراوی جیهانی ئیسلامی و ئەنجومەن و ئۆرگان و ئەنجومەنە نێودەوڵەتییەکانییەوە، هاوسۆزی تەواوی عێراقین لە بەرامبەر هەموو ئەو شتانەدا کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکات.

هاوکات، پرسە و سەرەخۆشی و هاوسۆزیی خۆی پێشکەش بە حکومەت و گەلی عێراق و کەسوکاری قوربانییەکانکرد، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و دوێنێ چوارشەممە بە چڕی بۆردوومانی چەندین ناوچەی هەرێمی کرد و بەگوێرەی قسەی بەرپرسێکی سوپای پاسداران زیاتر لە ٧٣ موشەکی بالیستییان ناوە بە بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە هێرشەکانی دوێنێی ئێراندا ١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.

هێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.













گەلەری