سەردێڕ:

گوند نشینانی پشدەر: حکومەت نەوتی پێنەداوین و لەبەر گرانیش بۆمان ناکڕدرێت

PM:10:41:29/09/2022

1768 جار خوێندراوەتەوە

ماوەى پێنچ ساڵە لە سنورى پشدەر تەنها یەک بەرمیل نەوت دراوە بە هاوڵاتیان لە کاتێکدا وەک گوند نشینان دەڵێن ئەگەر دار بەکار نەهێنن پێنج بۆ ١٠ بەرمیل نەوتیان پێویستە. دەشڵێن، "حکومەت تائێستا هیچ بڕە نەوتێکی پێنەداون و لەبەر گرانی بۆیان ناکڕدرێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، گوند نشینێکی دەڤەری پشدەر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "نە غاز هەیە نە نەوت هەیە نە موچە هەیە، بەو سەرمایەش نازانین چى بکەین ناچارین دار بەکار بهێنین".

دەشڵێت، بە بەهای ٥٠٠ هەزار دینار داری بۆ زستان کڕیووە و دەشڵێت، بەشیان ناکات.

گوند نشینێکی دیکە ئاماژەی بەوەدا، لە ئیستاوە خۆیان بۆ وەرزى زستان ئامادە دەکەن و ساڵانە پێنج بۆ ١٠ بەرمیل نەوتیان پێویستە.

دەشڵێت، حکومەتی هەرێم نەوتیان پێنادات و بە هۆی گرانی نرخی نەوتیشەوە خۆیان ناتوانن نەوت بکڕن و بۆ خۆیانی دابین بکەن هەربۆیە ناچارن داربهێنن بۆ وەرزی زستان.

هەرێمى کوردستان رۆژانە نزیکەى ١٣ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەى بازاڕەکانى جیهان دەکات ئەمە لە کاتێکدایە کە نرخى بەرمیلێک نەوتى خاو لە بازاڕەکانى جیهان بە نزیکەى ١٢٠ هەزار دینارە، بەڵام لە ناوخۆى هەرێمى کوردستان بە نزیکەى ٣٠٠ هەزار دینارە ئەمەش بەهۆى ئەوەى حکومەت نەوت بۆ پاڵاوگەکانى ناوخۆ دابین ناکات و بەشی زۆری نەوتەکەی دەفرۆشێت.

لەماوەی رابردوودا شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ داوایکرد حکومەت رێگرییان لێنەکات و بڕێک نەوت، ئەگەر چی زۆریش نەبێت بەسەر هاوڵاتییاندا دابەشی دەکەن، دوابەدوای فشارەکانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڕیاردراوە نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشبکرێت و سەرەتا بەسەر ئەو هاوڵاتییانەدا دابەشدەکرێت کە لە ناوچە شاخاوییە سەخت و ساردەکاندا نیشەتەجێن و دواتر ناوچەکانی سنوری پارێزگاکان و دواتریش سەنتەری پارێزگاکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێک نەدراوە بە هاوڵاتییان و هەرێمیش لە وەرزی سەرما نزیک دەبێتەوە.













گەلەری