سەردێڕ:

سەرۆکی حکومەتی هەرێم: به‌ بیانووی جیاجیا و بێ پاساو په‌لاماری وڵاته‌كه‌مان ده‌درێت

PM:07:47:29/09/2022

1556 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "به‌ بیانووی جیاجیا و بێ پاساو په‌لاماری وڵاته‌كه‌مان ده‌درێت و پێشێلی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌مان ده‌كرێت و پێشێلی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان ده‌كرێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی به‌شداریکردنی له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خوێندکارانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌ هه‌ولێر وتارێکی پێشکەش کرد و راگەیاند، "له‌ ماوه‌ی رابردوو، به‌ بیانووی جیاجیا و بێ پاساو په‌لاماری وڵاته‌كه‌مان ده‌درێت و پێشێلی سه‌روه‌ری وڵاته‌كه‌مان ده‌كرێت و پێشێلی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان ده‌كرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، "ئه‌و په‌لامارانه‌ی ده‌كرێنه‌ سه‌ر خاكەکەمان چاره‌سه‌ری هیچ گرفتێك ناكه‌ن، ئێمه‌ گه‌لێكی ئاشتیخوازین، نامانه‌وێت كێشه‌ بۆ هیچ وڵاتێكی دراوسێ درووست بكه‌ین، په‌یامی ئێمه‌ په‌یامی ئاشتیی و ئازادیی و رێزگرتنه‌ له‌ یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی به‌رامبه‌ر".

لەبەشێکی دیکەی وتارەکەیدا مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم داوای لە حكومه‌تی فیدراڵی عێراق و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش کرد، كه‌ سنوورێك بۆ ئه‌و په‌لامار و ده‌ستدرێژیانه‌ دابنێن.

وتیشی، ئەوان ئێمه‌ سه‌ركۆنه‌ی هه‌موو ئه‌و په‌لامار و ده‌ستدرێژیانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌كرێنه‌ سەر هەرێمی کوردستان.

ئەمە لەکاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و دوێنێ چوارشەممە بە چڕی بۆردوومانی چەندین ناوچەی هەرێمی کرد و بەگوێرەی قسەی بەرپرسێکی سوپای پاسداران زیاتر لە ٧٣ موشەکی بالیستییان ناوە بە بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە هێرشەکانی دوێنێی ئێراندا ١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.

هێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.













گەلەری