حکوومەتی فینلەندا بڕیاریدا لە رێکەوتی ٣٠ی ئەیلوولەوە چوونه ژوورهوهی هاوڵاتییانی روسیا بۆ وڵاتەکەی قەدەغە بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، پیکا هاڤیستۆ وەزیری دەرەوەی فینلەندا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، ئامانج له بڕیارهكه ئهوهیه هاتنی گەشتیاری روسی بۆ فینلەندا و بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەیان به مهبهستی ترانزێت، بەتەواوی قەدەغە بکات.
دەربارەی بڕیارەکەش حکوومەتی
هێلسنکی، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، بەردەوامی هاتنی گەشتیاری
روسی بۆ فینلەندا، مەترسی لەسەر پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی وڵاتەکەیان دروست
کردووە.
بەهۆی ئەو سزایانهی یەکێتی
ئەوروپا بهسهر مۆسكۆدا سهپاندوویهتی، لە روسیاوە گەشتی ئاسمانی بۆ وڵاتانی یەکێتییەکە
ئەنجام نادرێت، ئەو وڵاتانەی یەکێتییەکەش کە هاوسنوورن لەگەڵ رووسیا، رێگە نادەن
رووسهكان لە رێی دەروازە سنوورییهكانهوه بچنە ناو خاکی وڵاتەکانیانەوە کە
بریتین لە ئەستۆنیا، لاتیڤیا و لیتوانیا و پۆڵەندا.
دوابەدوای ئەمەش، حکومەتی
پۆڵەندا بڕیاریدا، چیدیکە هاوڵاتییانی روسیا ناتوانن لە رێگەی ئاسمانی و ئاوییەوە
بچنە ناو ئەو وڵاتەوە.
حکومەتی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەشداوە،
بڕیارەکە ئەو کەسانەش دەگرێتەوە کە ڤیزای شنگنیان هەیە.
ئەوەشی ئاشکراکردووە،
ئاسانکاری بۆ ئەو هاوڵاتییە روسيانە دەکرێت کە بەهۆی رەوشی مرۆیی، کاری سیاسی، ماسیگری،
لێکۆڵینەوە و خوێندن لە ناوەندە پەروەردەییەکانی پۆڵەندا، سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
پێشتریش لە ١ی ئەیلوولەوە
فینلەندا پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بە هاوڵاتییانی روسیا بۆ رێژەی لهسهدا ١٠ی پێشتر،
کەمکردبووەوە.