سەردێڕ:

ئێران و تورکیا بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمیان کرد

PM:04:46:29/09/2022

13056 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ پێنجشەممە ئێران بۆردوومانی ناوچەی باڵەکایەتی و تورکیاش بۆردوومانی ناوچەی برادۆستیان کردووە.


بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاری شایەتحاڵەکانەوە دەستیکەوتووە، تۆپبارانەکەی ئێران لە ناوچەی باڵەکایەتی بووە و سێ پێشمەرگەی دیموکرات بەهۆیەوە برینداربوون.

هاوکات، بۆردوومانەکەی تورکیاش لەناوچەی برادۆست بووە و سوپای تورکیا بەچڕی بۆردوومانی گەلی رەش و کەم کۆڕا و تارستا و چیایی شەکیویان کردووە، بەڵام تا ئێستا زەرەر و زیانەکان نەزاندراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەی هەفتەیەکە بۆردوومانی ئێران بۆ سەر ناوچەکانی هەرێم بەردەوامی هەیە و دوێنێ چوارشەممە بە چڕی بۆردوومانی چەندین ناوچەی هەرێمی کرد و بەگوێرەی قسەی بەرپرسێکی سوپای پاسداران زیاتر لە ٧٣ موشەکی بالیستییان ناوە بە بارەگای حزبە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە لە هەرێمی کوردستان.

لە لایەکی دیکەشەوە، خەلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاندووە، کە بە قوڵای ١٤٠ کیلۆمەتر هێزەکانیان هاتوونەتە ناو خاکی باکوری عێراق 'هەرێمی کوردستان'ەوە و دەشڵێت، " بەردەوام دەبین لە ئۆپەڕاسیۆنەکانمان لە باکوری عێراق."

هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە هێرشەکانی دوێنێی ئێراندا ١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.

هێرشەکان لەسەر ئاستی ناوخۆی و دەرەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و زۆرێک لە وڵاتانی جیهان سەرکۆنەی هێرشەکەیان کرد.

کەریم کەیفی - سۆران













گەلەری