سەردێڕ:

شاخەوان عەبدوڵلا: سەقامگیری سیاسی عێراق بەبەشداری لایەنەکان و رەوتی سەدر بەدی دێت

PM:04:29:29/09/2022

1484 جار خوێندراوەتەوە

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەدی دێت، بەتایبەتیش رەوتی سەدر. دەشڵێت، "یەکڕیزیی بەھێزترین وەڵامە بۆ دەستدرێژییە دەرەکییەکان".


شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە وتەیەکیدا لە دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ لە بەغدا ئاماژەی بەوەدا، "ھەوڵماندا، سەقامگیریی سیاسی لە عێراق بە کرداری و بە بەشداری سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش رەوتی سەدر بەدی بێت".

ئەوەشی خستەڕوو، بە گرنگییەوە دەڕواننە گفتوگۆ و ئەو ھەوڵانەی کە لایەنە سیاسییەکان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی سیاسیی ئەنجامی دەدەن.

راشیگەیاند، دوێنێ عێراق بەرەوڕووی دەستدرێژیی بۆسەر خاکەکەی بووەوە و ئاماژەی بەوەشدا، یەکڕیزیی بەھێزترین وەڵامە بۆ دەستدرێژییە دەرەکییەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، ئێران بارەگای ژمارەیەک پارتی کوردی ئۆپۆزسیۆنی چەکداریی لە ناوچەکانی سیدەکان، زڕگوێز، کۆیە و ناوچەی شێراوەی نێوان پارێزگای ھەولێر و پارێزگای کەرکوک بۆردمان کرد.

هاوکات، دەزگای دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، لە ئاکامی بۆردومانەکاندا، ١٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٨ی دیکەیش برینداربوون کە زۆربەیان هاوڵاتی سڤیلن.













گەلەری