سەردێڕ:

پەروەردە: بە فەرمی سوپاسنامە و پاداشتی ئەو مامۆستایانە دەکرێت کە خوێندکارانیان لە بۆردومانەکان رزگارکردووە

PM:12:54:29/09/2022

3216 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، سوپاسی ئە مامۆستایانە دەکەن کە دوێنێ لەو دۆخەدا بە هانای منداڵەکانەوە رۆیشتوون و بە فەرمی سوپاسنامە و پاداشتیان پێشکەشدەکرێت.


ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی هەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "زۆر سوپاسی ئەو مامۆستایانە دەکەین کە رۆڵی گرنگیان گێڕا لە فریاکەوتنی منداڵەکانی ئەو قوتابخانانەی بەر بۆردومانەکەی دوێنێی ئێران کەوتوون بۆسەر هەرێم."

باسی لەوەشکرد، "ئەو مامۆستایانە بە رۆڵێکی گرنگ هەستاون کە منداڵەکانیان ئارامکردووەتەوە و فریایان کەوتوون و هەندێکیان برینداربوون بە هانایانەوەچوون."

وتیشی، داوا لە پەروەردەی گشتی هەولێر و سلێمانی دەکەن کە بە فەرمی سوپاسنامەیان پێشکەشبکەن و پاداشتیش دەکرێن.

وەزیری پەروەردە ئەوەشی خستەڕوو، ئامادەکاری پێویست دەکەن بەر لە دەستپێکردنەوەی دەوامی ئەو قوتابخانانە.

ئەمەش لە دوای ئەوە دێت، دوێنێ چوارشەممە ئێران بە درۆن چەندین جار هێرشیکردە سەر ناوچەکانی زڕگوێز و کۆیە و پردێ و سیدەکان و چەندین ناوچەی دیکەی هەرێمی کوردستان و بەگوێرەی دواین زانیاری وەزارەتی تەندروستی ١٣ کەس شەهید بوون و ٥٨ کەسیش برینداربوون.
هـ.ئـ













گەلەری