سەردێڕ:

سوید کوردێک رادەستی تورکیا دەکاتەوە

PM:03:24:12/08/2022

8728 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دادی سوید رایگەیاندووە، حكومەتی سوید بڕیاری داوە كەسێک رادەستی توركیا بكاتەوە كە بە تۆمەتی ساختەكاری داواكراوە و ئەمەش دەبێتە یەكەم حاڵەتی رادەستکردنەوە لەو كاتەوەی توركیا داوای رادەستكردنەوەی ژمارەیەک كەسی كردووە تا لە بەرامبەردا تورکیا قایل بێت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا .


مۆرگان یۆهانسۆن وەزیری دادی سوید بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، ئەمە پرسێکی ئاسایی رۆتینییە، و ئەو کەسەی کە قسەی لەسەر دەکرێت هاوڵاتییەکی تورکیایە و لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٦ بە تاوانی ساختەکاری لە تورکیا سزا دراوە.

وتووشیەتی، "دادگای باڵا وەک هەمیشە بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە كردووە و بەو ئەنجامە گەیشتووە كە هیچ ئاستەنگێک لە بەردەم رادەستكردنەوەیدا نییە".

بەگوێرەی زانیارییەکان، پیاوەکە کە تەمەنی لە سییەکاندایە، دەبێتە یەکەم حاڵەتی رادەستکردنەوەی کەسێک بە تورکیا لە دوای ئەنجامدانی رێککەوتنی نێوان تورکیا و سوید و فینلاند.

لە کاتێکدا وتەبێژی وەزارەتی داد ئامادە نەبووە باس لەوە بکات کە ئایا ئەو کەسە لە لیستی ئەو کەسانەدایە یان نا کە تورکیا داوای کردووە رادەست بکرێنەوە، هاوکات هیچ لێدوانێکی زیاتری لەسەر بابەتەکەش نەداوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، کەناڵی SVT سویدی کە یەکەمجار راپۆرتی لەسەر رادەستکردنەوەکە بڵاوکردەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو کەسە لە تورکیا بە چەند هەژمارێکی ساختەکاری لە کارتی بانکیدا سزای ١٤ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنراوە.

کەناڵی SVT سویدی باسی لەوەشکردووە ئەو پیاوە لە ساڵی رابردووەوە لە سوید دەستبەسەر کراوە.

پیاوەکە دەڵێت، "ئەو حوکمەی بەسەریدا سەپێنراوە ناڕەوایە، و بۆیە سزادراوە چونکە ئەو ئاینەکەی خۆی گۆڕیوە بۆ ئاینی مەسیحی و رەتیکردووەتەوە خزمەتی سەربازی بکات چونکە بە رەچەڵەک کوردە."

لە بەدواداچوونێکی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا کە لەگەڵ ناسر سینای بەرپرسی دیجیتاڵ میدیای رادیۆی کوردی لە سوید ئەنجادراوە، دەرکەوتووە ئەو پیاوە کوردە، بەڵام کەسێکی سیاسی نییە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، تورکیای لە مانگی شەشی رابردوو ڤیتۆی خۆی لەسەر فینلاند و هەوڵەکانی سوید بۆ هاتنە ناو ناتۆ هەڵگرت دوای چەند هەفتەیەک لە دانوستانی قورس کە ئەنقەرە تیایاندا هەردوو وڵاتی باکوری ئەوروپای بە داڵدەدانی ئەو کەسانە تۆمەتبار کرد کە وەک تورکیا دەڵێت ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان و ئەندامی رێکخراوەەکەی فەتحوڵا گولەنن.

هاوکات، لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا تورکیا لیستی ئەو کەسانەی پێشکەش کرد کە دەیویست سوید رادەستی بکاتەوە، بەڵام لەو کاتەوە تورکیا بێزاری خۆی دەربڕیەوە لە نەبوونی پێشکەوتنێکی بەرچاو لەو بارەیەوە.













گەلەری