سەردێڕ:

زانکۆی سلێمانی لەبارەی یەکپۆشی خوێندکارانەوە رونکردنەوەیدا

PM:11:44:07/08/2022

14964 جار خوێندراوەتەوە

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران رایگەیاند، خوێندکارانی زانکۆ نوێنەرایەتی چینێک دەکەن کە قورسایی زانستی و رۆشنبیری خۆیان ھەیە. دەشڵێت، "زانکۆکانی کوردستان بەئاراستەی یەکپۆشی ھەنگاو دەنێن، لەو چوارچێوەیەشدا زانکۆی سلێمانی ڕاپرسیەکی ئۆنلاینی بۆ خوێندکاران داناوە تاوەکو پشت بەست بە (بەڵێ) و (نەخێر)ی زۆرینە بڕیاربدرێت."


پێشڕەو عەزیز، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران بڵاویکردوەتەوە، یەکپۆشی خوێندکارانی زانکۆ چەندین سودی سایکۆلۆجی وکۆمەڵایەتی وئابوری وزانستی ھەیە وەک، کەمکردنەوەی جیاوازی چینایەتی ونەھێشتنی دڵەڕاوکێ و گاڵتەجاڕی لە جیاوازی پۆشاک وبەدەستھێنانی جۆرێک لە یەکسانی و دادپەروەری لە پۆشاکدا کە ئەمانەش کەشی رق وتوندوتیژی و ناکۆکی و ھەستیاری نێوان خوێندکاران کەمدەکاتەوە.

دەشڵێت، یەکپۆشی ھاوکاری و نزیکبوونەوە و رێکەوتن زیاتر دەکات، خەرجی خوێندکار و کەسوکارییان بۆ کڕینی مۆدێلاتی پۆشاک کەمدەکاتەوە، لەبری ئەوە پاشەکەوت دەکەن بۆ پێداویستیەکانی تری رۆژانەیان.

ئەوەشی خستووتەڕوو، یەکپۆشی کات وھەوڵ بۆ خوێندکار دەگێڕێتەوە کە لەدەستی بدات بۆ ھەڵبژاردنی نوێترین مۆدێل و رەنگی پۆشاک و ململانێ لە مۆدێلات و شانازیکردن بە پۆشاکەوە.

پێشڕەو عەزیز باسی لەوەشکردووە، یەکپۆشی ھەستکردنی خوێندکار بە کەسێتی زانستی و ناسنامەی زانکۆیی خۆی زیاتر دەکات و وادەکات پابەندبێت بە ھەلسوکەوتی گونجاو لەگەڵ ئادابی گشتی، ئەمانەش وادەکات رەچاوی پێگەی خۆی و کەسانی تر بکات دەرکەوتنێکی شایستە و دیاردەیەکی شارستانیە و رەچاوکردنی تایبەتمەندێتی حەرەمی زانکۆییە و ئاسایش و ئارامی بەزانکۆ دەدات.

یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران ئەوەشی ئاشکراکردووە، لەگەڵ ھەمو باشییەکان ھەندێک پێیان وایە یەکپۆشی دژی ئازادی تاکەکەس و ئازادی رادەربڕین و نەھجی دیموکراتیەتە، رەچاوی ئەو جیاوازی و فرەییە ناکات کە سروشتی مرۆڤن و خەرجی زیادە و رۆتینات و بێزاری وتوندی تێدایە بۆ خوێندکار، لەگەڵ ئارەزوی ھەندێک خوێندکار یەکناگرێتەوە، وە ھەندێک ترسیان لە توانای پابەندبونیان ھەیە، کاری لیژنەی بەرزەفتەکردنی کۆلێجەکان زیاتر دەکات.













گەلەری