سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان رایگەیاند، خاوەن پرۆژەکانی پەلەوەر بەرەو مایەپوچبوون دەچن و ئەمەش زەنگی داروخانی کەرتی پەلەوەرە لە هەرێمی کوردستان.
نازم عەبدوڵڵا سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکان بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لەئێستادا کەرتی پەلەوەر بەتەواوی مەترسی هەرەسهێنانی لەسەرە و هیچ لایەنێک خۆی ناکات بەخاوەنی ئەم کەرتە، پشتیوانی تەواومان ناکەن بۆمانەوە و لەسەر پێوەستانی خۆی کە دەرفەتی کاری بۆ هەزاران خێزان رەخساندووە".
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە
پەلەوەریەکان باسی لەوەشکرد، "لەئێستادا بەردەوام نرخی عەلەف لەسەر خاوەن پرۆژەکان
بەرز دەبێتەوە بەبێ ئەوەی چاودێری لەسەر کارگەکانی دروستکردنی عەلەف هەبێت، لەماوەی
چەند مانگێکدا نرخی هەر یەک تۆن عەلەف لە ٤٥٠ دۆلارەوە بۆ ٥٥٠ دۆلار بەرز بووەتەوە
و نرخی هەر یەک جوچک لە ٣٠ سەنتەوە بۆ ٨٥ سەنت بەرز بووەتەوە".
دەشڵێت، "پێشبینی
دەکرێت نرخی جوچک بگاتە ١ دۆلار کە ئەمەش نرخێکی بەرزە بۆ خاوەن پرۆژەکان و تێچوی
زۆر دەبێت".
نازم عەبدوڵڵا ئەوەشی
خستەڕوو، لەکاتێکدا مریشک دەچێتە بازاڕەوە کەنرخی ٢٠٠ دینار زیاد دەبێت هەمولایەک
نیگەرانیان دەگەیەنن پێمان و ڕێگری لێ دەکرێت بچێت دەرەوە، ئێمە ماوەی سێ ساڵە داوا لەحکومەت دەکەین نرخ بۆ
پەلەوەر دیاریبکات و بەشێوەی سیستماتیک ئەم کەرتە لە هەرەسهێنان و داڕووخان بوەستێنێت.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە
پەلەوەریەکان ئەوەشی وت، "لەئێستادا بەهۆی چەندین نەخۆشییەوە ڕۆژانە لەناو هۆڵەکانی
بەخێوکردنی پەلەوەردا بە سەدان جوچک و مریشک مردار دەبنەوە، و زیانی زۆر بە خاوەن
کێڵگەکان دەگات، بەوهۆیەشەوە خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان ترسیان لەوە هەیە جارێکی
تر هۆڵەکانیان پڕبکەنەوە لە جوچک بەهۆی گرانی عەلەف و جوچک ئەمەش وادەکات کەرتەکەمان
بەتەواوی ئیفلیج ببێت".
لەسنوری پارێزگای سلێمانی
هەڵەبجە و گەرمیان ٩٠٠ پرۆژە بەرهەم هێنانی مریشک هەیە کە خۆی لە١٣٠٠ هۆڵ دەبینێتەوە
بێجگە لەپرۆژەی نایاسایی.
گۆران لوقمان، سلێمانی
نـ، غـ