سەردێڕ:

لێخوڕینی ماتۆڕ لەم شوێنانە قەدەغە کرا

AM:11:19:12/08/2021

32116 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوبەرایەتى گشتى هاتووچۆی عێراق بەهۆکارى زۆربوونى رووداوەکانى هاتووچۆ و کردەوە تیرۆریستییەکان هاتووچۆى ماتۆری دوو تایە و سێ تایەی لە رێگە خێراکاندا قەدەغە کرد.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، حەیدەر کەریم، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتى گشتى هاتووچۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی راگەیاند، رێگە نادرێت ماتۆڕسیکلی دوو تایە و سێ تایە بە رێگەی خێرادا تێپەربن لەبەر هۆکاری زۆربوونی رووداوەکانی هاتووچۆ و کردەوە تیرۆرستییەکان و قەرەباڵغی رێگاکان.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر ماتۆڕسکیلێک ژمارەی هەڵنەگرتبێت ئەوا دەستی بەسەردا دەگیرێت تا مامەڵەکانی تەواو دەکات و ژمارە دەبەستێت.

کەریم ئەوەشی خستەڕوو، لەهەموو بەڕێوبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە ماوەی دوو بۆ سێ کاتژمێر هەموو خاوەن ماتۆڕسکیلێک دەتوانێت مامەڵەکەی تەواو بکات و ژمارە ببەستێت.

دەشڵێت، لەکاتی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەوە هەر ماتۆڕسکیلێک دەستی بەسەردا بگیرێت ئەوا بە پێبژاردنی بڕی ١٠٠ هەزار دینار سزادەدرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەڕێوبەرێتی گشتی هاتووچۆی عێراق لەماوەی رابردوودا بە پشت بەستن بە مادەی ٤٧/دووەم/ب/ لە یاسای هاتووچۆی ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٩ بڕیاڕی قەدەغەکردنی لێخورینی سەرجەم ماتۆڕسکیلی دوو تایە و سێ تایەی تۆمار کراو و تۆمار نەکراوی لە رێگەی خێرا دەرکرد.













گەلەری