سەردێڕ:

لە ئەرجەنتین دەست بەسەر فڕۆکەیەکی ئێراندا گیرا

PM:11:52:12/06/2022

4160 جار خوێندراوەتەوە

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەزیەزا لە نزیک بوێنس ئایریسی پایتەختی ئەرجەنتین دەست بەسەر فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی سەر بە ئێراندا گیرا کە لەلایەن ئێرانەوە مافی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکەیە درابووە کارگۆی ئەمتسراسور کە سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ڤێنیزوێلایە.


میدیاکانی ئەرجەنتین بڵاویانکردەوە، فڕۆکە کە بە ئاڵای ڤێنێزوێلاوە بوو و تیمی فڕۆکەوانیشی لە پێنج هاوڵاتیی ئێرانی و ١٤ هاوڵاتیی ڤێنیزوێلی پێکهاتبوون.

میدیاکان ئاماژیان بەوەشداوە، بەهۆی ئەوەی هاوڵاتییە ڤێنیزوێلییەکان داوای ڤیزەیان لە ئەرجەنتین نەکردووە، پاسپۆرتەکانیان رادەست کردوون و دەست بەسەر پاسپۆرتی هاوڵاتییە ئێرانییەکانیشدا گیراوە.

دەشڵێن، هاوڵاتییە ئێرانییەکان دەتوانن بە فڕۆکەی تایبەت ئەرجەنتین بجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.

ئاماژە بەوەش دراوە، چەند پارچەیەکی ئۆتۆمبێل لەناو فڕۆکەی کارگۆیەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە.

میدیاکانی ئەرجەنتین باسیان لەوەشکردووە، فڕۆکەکە لە رێکەوتی ٦ی حوزەیران لە کاراکاسی پایتەختی ڤێنیزوێلاوە بەڕێکەوتووە و بەرنامەی بۆ ئەوە داناوە ٧ی مانگ بگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی پێویست، گەشتەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.

ئەوەشیان ئاشکرا کردووە، فڕۆکەکە لە رێکەوتی ٨ی حوزەیران بەمەبەستی وەرگرتنی سووتەمەنی لە ئەرجەنتینەوە بەرەو ئۆرۆگوای بەڕێکەوتووە، بەڵام بەهۆی داخستنی کایەی ئاسمانی ئەو وڵاتە، بەبێ وەرگرتنی سووتەمەنی گەڕاوەتەوە ئەرجەنتین.

ئەمە لەکاتێکدایە، مافی بەکارهێنانی ئەم فڕۆکەیە لەلایەن هێڵی ئاسمانیی ماهان کە کۆمپانیای فڕۆکەوانی حکومەتی ئێرانە دراوەتە کارگۆی ئەمتسراسور کە سەر بە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ڤێنیزوێلایە و لەلایەن ئەمریکایشەوە سزا بەسەر هێڵی ئاسمانیی ماهاندا سەپێندراوە.













گەلەری