سەردێڕ:

ڤیدیۆ..سەرۆکی پەرلەمانی عێراق واژۆی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی فراکسیۆنی سەدر کرد

PM:08:15:12/06/2022

4416 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدری قەبوڵکرد و سەرجەمی انی واژۆکرد.


ئەمڕۆ یەکشەممە، دوابەدوای داواکارییەی موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە ئەندمانی فراکسیۆنی سەدر بۆ پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەستلەکارکێشانەوەی سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەی قەبوڵکرد و واژۆی لەسەرکرد.

 

هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، موقەتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر نامەیەکی بڵاوکردەوە کە ئاراستەی سەرۆکی فراکسیۆنی سەدری کردووە تیایدا هاتووە، پێویستە سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر، برای بەرێزم حەسەن عەزاری نامەی دەستلەکارکێشانەوەی براو خوشکانمان لە فراکسیۆنی سەدر پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی بکەن.

لەبەشێکی دیکەی نامەکەیدا سەدر ئاماژەی بەوەداوە، سوپاسی هاوپەیمانەکانی لە "هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتیمان" کرد بۆ ئەو ماوەیەی پێکەوە کارییان کردووە و لە پێناو نیشتیماندا ئەوەی پێشکەشیان کردووە.

دەشڵێت، سوپاسی ئامۆزام بەڕێز جەعفەر سەدر دەکەم لەوەی وەک کاندیدێکی سەربەخۆ دەستنیشانمان کرد بۆ پۆستی سەرۆک وەیزرانی.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٩ی ٦ی ٢٠٢٢ موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە چوارچێوەی پێشەکەشکردنی وتارێکیدا داوای لە سەرجەم پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی رەوتی سەدر کرد دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان بنوسن و ئامادەی بکەن و هەرکاتێک داوای لێکردن پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەن.

موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی چەقبەستوویی سیاسی لە عێراق وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا، بەهیچ شێوەیەک بەشداری ناکەن لە پێکهێنانی حکومەتی سازان و گەندەڵ و لایەنداری بۆ دەوڵەتانی هەرێم.

ئەوەشی خستەڕوو، عێراق پێویستی بە حکومەتێکی زۆرینەی نیشتیمانی هەیە، نەک حوکەمتی سازان.

وتیشی، چاکسازی لە وڵاتدا تەنها بە پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی دەکرێت.

دوابەدوای داواکەشی، رۆژی هەینی رێکەوتی ١٠ی ٦ی ٢٠٢٢ نوسینگەی راگەیاندنی رەوتی سەدر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سەرجەم پەرلەمانتارەکانی فراکسیۆنی سەدر نامەی دەستلەکارکێشانەوەکانیان وەژۆکردووە و رادەستی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتەکەیان کردووە.

 













گەلەری