چاوگێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانییەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە لە زیندان و توشبوونی زیندانییەک بە پەتاکە؛ پاش تێکچوونی دۆخی تەندروستیی گیانیلەدەستدا.
ئەو چاوگە باسی لەوەکرد، زینداینەکە کوردە و ناوی (ڕ. ف) و تەمەنی ٥۱ ساڵ بووە؛ خەڵکی شاری کفرییە.
ئەوەشی خستەڕوو، ماوەی هەفتەکەی پەتای سکچوون لە زیندانەکەدا بڵاوبووەتەوە
و بەشێک لە زیندایەکان توشی پەتاکە بوون، بەڵام دەرمان و چارەسەری پێسویت لە زیندانەکەدا
نییە.
بەپێی
زانیارییەکانی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە لە ساڵی
٢٠٠٨ـەوە لە زینداندایە و بەتۆمەتی بەشداربوون لە تەقینەوەکەی ساڵی ٢٠٠٨ی
باڵەخانەی پاڵاس لە سلێمانی؛ سزای زیندانی هەتا هەتایی هەبووە.
ساڵی ٢٠٠٨؛ بەهۆی
تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێك لە بەردەم ئوتێل سلێمانی پاڵاس لە سلێمانی دوو هاوڵاتی شەهیدبوون
و ٣١ـی دیكەش برینداربوون.
کەسێکی نزیک لەو
زیندانییەش ئەوەی بۆ ئێن ئاڕ تی ئاشکراکرد، کە لە دەرئەنجامی پشکنینەکانی پزیشکی
دادیشدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی پەتای سکچوون و رشانەوەوە گیانیلەدەستداوە.
وتیشی، بڕیارە
هەر ئەمڕۆ تەرمەکەی بگاتەوە شاری کفری و لەوێ بە خاک بسپێردرێت.
هەر ئەمڕۆش
تەندروستی سلێمانی هۆشداریدا لەبارەی بڵاوبوونەوەی پەتای سکچوون و رشانەوە و باسی
لەوەکرد، تەنها لەماوەی ١٢ کاتژمێری رابردوودا لەکۆی ٧٠ منداڵی سەردانی نەخۆشخانەی
دکتۆر جەمالی منداڵانیان کردووە، ٥٠یان توشی پەتای سکچوون و رشانەوە بوون و هۆکارەکەشی
بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و پلەکانی گەرما گەڕاندەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی
لە چاوگە تەندروستییەکانیشەوە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، پەتاکە لەناو گەورەکانیشدا
بڵاوە و چەندین کەس بە هەمان هۆکاری توشبوون بە سکچوون و رشانەوە سەردانی نەخۆشخانەیان
کردووە، بەڵام لەناو گەورەکاندا رشانەوەی کەمتر لەگەڵدایە یاخود لە هەندێک لە نەخۆشەکاندا
لەگەڵیدا نییە.
ئەو چاوگە باسی
لەوەشکرد، کە گەورەکان توانای بەرگەگرتنیان بۆ پەتاکە باشترە و هۆشیاری باشتریان هەیە
بەرامبەر بە پەتاکە بەراورد بە منداڵان.بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت خۆپارێزی لای گەورەکان کەمتر ببێت، یاخود مەترسی
بڵاوبوونەوەی نەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە،
ساڵانە ئەم نەخۆشییە لەناو منداڵان و گەورەکانیشدا بڵاودەبێتەوە و لە زۆرکاتدا لەکاتی
گۆڕانی وەرز بۆ گەرما روودەدات، بەڵام وەک چاوگە تەندروستییەکان باسی دەکەن، ئەمساڵ
ڕێژەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، پزیشکانیش داواى زیاترکردنى رێکارەکانى
راگرتنى پاکوخاوێنى دەکەن.
ئیحسان سابیر، سلێمانی
محەمەد عەدنان، کفری
هـ.ئـ