سەردێڕ:

فازڵ نەبی: ئەگەر هەرێم ٢٠١٩ لەگەڵ بەغدا رێبکەوتایە ١٠ هێندەی ئێستا پارەی بۆ دەهات

AM:10:29:12/06/2022

3368 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری پشووی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، ئەگەر هەرێم لە ساڵی ٢٠١٩ لەگەڵ بەغدا رێبکەوتایە ئێستا ١٠ هێندەی ئەو بودجەیەی ئێستا، مانگانە لە بەغداوە پارە بۆ هەرێم دەهات.


فازڵ نەبی بریکاری وەزارەتی دارایی لە پانۆڕامای ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەگەر هەرێم هاوشێوەی عێراق یەدەکی نەقدینەی نییە، لانی کەم دەبوو، کێشەی موچەی چارسەر بکردایە و پارەشی تەرخانبکردایە بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان.

وتیشی، دەبوایە هەرێم بەهۆى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت کێشەى موچە و پڕۆژکانى چارەسەربکردایە.

فازڵ نەبی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو شاندانەی هەرێم دەیاننێرێتە بەغدا، مەرجە بنەڕەتیەکانی دانوستانانیان تێدا نییە، چونکە ناکرێت هەرێم کەسێک بنێرێتە بەغدا دەسەڵاتی بڕیاردانی نەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، شاندی دانوستانکار دەبێت خاوەن بڕیار و تەکنۆکرات بێت، بەڵام ئەوانەی لە هەرێمەوە دەچنە بەغدا وانین. پێش هەموو شتێک دەبێت هەرێم پێگەی خۆی لە بەغدا بەهێز بکاتەوە.

راشیگەیاند، بەهۆی کێشە سیاسییەکانی عێراقەوە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا ئەستەمە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدراوە، بەڵام هێشتا حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە و سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران هەڵنەبژێردراون.

لە چەند مانگی رابردووشدا دادگای فیدڕاڵی عێراق فرۆشتنی نەوتی هەرێمی بە نایاسایی ناوبرد و داوای رادەستکردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامەکانی نەوت و رێککەوتنی کۆمپانیاکانی کرد، هاوکات پێشنیازی دانانی کۆمپانیایەکی نەوتی نیشتیمانییان کرد، کە لە رێگایەوە نەوتی هەرێم و عێراقیش بفرۆشرێت، بەو هۆیەشەوە تاوەکو ئێستا هەرێم رازینییە داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بکات، ئەوەش گرفتی لەنێوان لایەنەکانی هەردوولادا دروستکردووە.













گەلەری