سەردێڕ:

حکومەتی عێراق دەوامی فەرمی سەرجەم دام و دەزگاکانی راگرت

PM:05:30:22/05/2022

6776 جار خوێندراوەتەوە

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی خۆڵبارینەی سبەینێ روو لە وڵات دەکات، بەهۆی خراپبوونی کەشوهەواوە دەوامی فەرمی لە سەرجەم دام و دەزگاکاندا بۆ سبەینێ راگیران، جگە لە وەزارەتی تەندروستی و هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دەرکردووە بە راگرتنی دەوامی فەرمی سەرجەم دام و دەزگاکان بۆ سبەینێ دووشەممە رێکەوتی ٢٣ی ٥ی ٢٠٢٢.

ئاماژەی بەوەشداوە، راگرتنی دەوامی فەرمی بەهۆکاری خراپبوونی کەشوهەوا و ئەو شەپۆلی خۆڵبارنیەوەیە سبەینێ بە چری روو لە ناوچە جیاوازەکانی وڵات دەکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، جگە لە سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان و هێزە ئەمنییەکان لەدەوامدا دەبن.

 

ئەمە لەکاتێکدایە، کەمێک لەمەو پێش عەلی حەمید وەزیری پەروەردەی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەگوێرەی پێشبینییەکانی تایبەت بە کەشوهەوا لەبارەی دروستبوونی شەپۆلی خۆڵبارینەوە و پێداگری و سووربوون لەسەر پاراستنی تەندروستی رۆڵەکان و خوێندکارەکان بڕیاردراوە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیاریانداوە بە دواخستنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی شەشەمی سەرەتایی و پۆلە ناکۆتاکان لە رۆژی دووشەمەدا بۆ رۆژی دوای خۆی بەهەمان میکانیزم و خشتەی دیاریکراو.

پێشتریش، عامر جابری وتەبێژی کەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند:" شەپۆلی خۆڵبارین لە سبەینێ یەکشەممەوە دەست پێ دەکات و تا رۆژی سێشەممەش بەردەوام دەبێت".

ئەوەشی خشتەڕوو، شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق دەکات و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. وتیشی:" ئەوان ٢٤ کاتژمێر چاودێری رەوشەکە دەکەن و پێشبینیش دەکەن پلەی گەرما ٤ بۆ ٥ پلە داببەزێت".

"وتیشی، خۆڵبارینەکە لە رۆژی دووشەممەدا چڕتر دەبێتەوە و بۆ بەیانی رۆژی سێشەممە وردە ردە کاریگەری شەپۆلەکە لاواز دەبێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە. "

ئاشکراشیکرد، خۆڵبارینەکە بە شێوەیەکی چڕتر لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق دەبێت و هەرێمی کوردستانش دەگرێتەوە.

هاوڵاتیانیشی ئاگادار کردەوە، شەپۆلەکە ئاساییە و چڕییەکەی وەک شەپۆلی خۆڵبارینەکەی هەفتەی پێشتر نابێت.

هەر ئەمڕۆ، سادق عەتییە شارەزای کەشناسی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، شەپۆلێکی خۆڵبارین روو لە هەرێم و عێراقدەکات و کاریگەرییەکەی بەشێوەیەکی چڕ لە شەوی یەکشەممە و رۆژی دووشەممەدا زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، پارێزگای بەغدا چڕترین شەپۆلی خۆڵبارین دەیگرێتەوە و لە کاتژمێر ٤ی بەرەبیان دەستپێدەکات و تا کاتژمێر ١٠ی بەیانی بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت، حکومەت و دام و دەزگا فەرمییەکان بەرپرسن لەوەی دەوام رادەگرن یان نا، چونکە چڕی خۆڵبارینەکە دەکەوێتە ماوەی دەوامی فەرمی دام و دەزگاکانەوە.

 













گەلەری