سەردێڕ:

بۆ یەکەم جار و بۆ ماوەی دوو رۆژ حکومەتی هەرێم کارەبا دەکاتە ٢٤ کاتژمێریی

AM:11:03:15/05/2022

13500 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ ماوەی دوو رۆژ کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە ٢٤ کاتژمێریی، ئەوەش تاقیکردنەوەیە بۆ دیاریکردنی بەرکەوتەی پارێزگاکان لە ووزەی کارەبا و دوای ئەو تاقیکردنەوەیە ئاستی پارێزگاکانیان بۆ دەردەکەوێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، سیروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی بە ئێن ئاڕتی ڕاگەیاند، بۆ ماوەی دوو رۆژ کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەکرێتە ٢٤ کاتژمێریی، ئەوەش تاقیکردنەوەیە بۆ دیاریکردنی بەرکەوتەی پارێزگاکان لە ووزەی کارەبا و دوای ئەو تاقیکردنەوەیە ئاستی پارێزگاکانیان بۆ دەردەکەوێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە رێگای ئەو تاقیکردنەوەیەوە ڕێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان دیاری دەکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، کەریم عەلی سەرۆکی لیژنەی پێشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە، بڕیارە لە بەرواری ١٥ی ٥ی ٢٠٢٢ وەزارەتی کارەبا ووزەی کارەبا بۆماوەی ٢٤ کاتژمێر هەمووناوچەکان دابین بکات.

ئاماژەی بەوەشداوە، مەبەست لەم کارەش وەک تاقیکردنەوە بۆ دیاری کردنی بەرکەوتەی پارێزگاکان لە ووزەی کارەبایە، لە رێگای ئەم تاقیکردنەوەیەوە رێژەی پێدانی کارەبای پارێزگاکان دیاری دەکرێت.

دەشڵێت، "ئێمە لە لیژنەی پیشەسازی و ووزە ئەم کاتە بەگونجاو نازانین بۆ ئەو تاقیکردنەوەیە، چونکە لەم کاتەدا لە سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەکارهێنانی کارەبا رێژەکەی کەمەو هاوڵاتیان زۆرکارەبا بەکارناهێنن لە چاو وەرزی زستان و هاوین".

کەریم عەلی ئاماژەی بەوەشداوە، لە ساڵانی رابردووشدا بەهۆی ئەم جۆرە تاقیکردنەوانەوە رێژەی کارەبای پێویست نەدراوە بەم سنوورە، بەڵکو رێژەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین نزیکەی ٣٤ ٪ بووە، بەڵام رێژەی کارەبای پشکی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک نزیکەی ٦٦٪ بووە .

لەبەشێکی دیکەی بڵاوکراوەکەیدا، سەرۆکی لیژنەی پێشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشنیار دەکات بە ئامانجی دروست نەبوونەوەی هەمان گرفتی ساڵی رابردوو کاتی ئەو تاقیکردنەوەیە بخرێتە مانگەکانی تەمووز و ئاب یاخود کانونی دووەم و شوبات لە ساڵەکاندا.

ئەمە لەکاتێکدایە، بە درێژایی سی ساڵ حکومڕانی یەکێتی و پارتی نەیانتوانیوە کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن و کارەبای پێویستی نیشتیمانی بۆ هاوڵاتییان دابین بکەن سەرەڕای ئەوەی لەهەموو بۆنە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا بەرپرسانی باڵای حزبی و حکومی مژدە و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا بە هاوڵاتییان دەدەن و لەپشت سندوقەکانی دەنگدانەوە لە کۆی بەڵینەکانیان پاشگەزدەبنەوە.













گەلەری