چەندین رێکخراوی ناوخۆی بەڕیتانیا و ئەنجومەنی پەنابەرانی بەڕیتانیاش هۆشداریی دەدەن لەبارەی پلانەکانی بەریتانیا بۆ ناردنی دەیان هەزار کۆچبەری بۆ رواندای ئەفریقا و دەڵێن "مەترسیی تەندروستی و دەروونی لەسەر کۆچبەران دروستکردووە."
رێکخراوی خاچی سوور و ئەنجومەنی پەنابەرانی بەریتانیا، بەنزیکەیی لەگەڵ ٤٤ هەزار کۆچبەر کاریان کردووە دەڵێن، "بەهۆی بڕیارەکەوە کۆچبەران رەنگە لەو ناوچانەی کە بۆیان دیاریکراوە هەڵبێن و بەشێکیشیان تووشی دوودڵ بوون لە وەرگرنی هەر جۆرە هاوکارییەک بەهۆی ترسیان لە گواستنەوەیان."
مایک ئادەمسن بەڕیوبەری جێبەجێکاری خاچی سوری بەریتانی رایگەیاندووە، بە
شێوەیکی راستەوخۆ گوێبیستی کۆچبەران بووە کە ئەوان نیگەرانن لە پلانەکەی حکومەتی بەریتانیا
بۆ گواستنەوەیان بۆ رواندا و هەست بە نائارامیی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەکەن.
باسی لەوەشکردووە، شتێکی نامۆ نییە کە بارودۆخی دەروونی پەنابەران شێواوە
و هەستی رق و کینەیان زیادیکردووە و تەنها بیر لەوە دەکەنەوە خۆیان بشارنەوە بۆ ئەوەی
بەشێوەیەکی نایاسایی لەو وڵاتەدا بمێننەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی مەترسی تەندروستی
لەسەر کۆچبەران.
لە لایەکی دیکەشەوە، ئەنڤەر سۆلۆمۆن سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجومەنی پەنابەران
رایگەیاندووە، "رۆژانە گوێیان لە چیرۆکی تراژیدی دەبێت لەبارەی ئەو کاریگەرییە
خراپەی لەسەر بارودۆخی دەروونی کۆچبەران دروستبووە وحاڵەتی ئازاربەخۆ گەیاندن تۆمار
کراوە".
باسی لەوەشکردووە، ئەوان نیگەرانن لەوەی حکومەت ئەو مەترسییانە نابینێت و
بەگرنگییەوە تەماشای دۆخی کۆچبەران ناکات.
رۆژی ١٤ی نیسانی ئەمساڵ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، بۆ ئەوەی کۆچبەران
ژیانی خۆیان نەخەنە مەترسییەوە، بریاریانداوە هەر کۆچبەرێک بەنایاسایی بپەرێتەوە بۆ
خاکی وڵاتەکەیەیان، دەیگوازنەوە بۆ وڵاتی رواندا لە کیشوەری ئەفریقا.