بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، توانیویانە ئەو تۆمەتبارە دەستگیر بکەن کە هەڕەشەی لە ژنان و کچان کردووە و هۆکار بووە بۆ خۆکوشتنی کچێکی خوێندکاری پەیمانگای تەکنیکی هەولێر.
وتەبێژی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، لە رێگەی هاوڕێکانی کچکەوە کە باسیان لەوە کردووە کەسێک هەبووە و هەڕەشەی لێکردووە و دوای لێکۆڵینەوەکان لە ناو مۆبایلی کچەکەدا دەرکەوتووە کەسێکە بە هەژماری ساختە هەڕەشەی کردووە و دواتر توانراوە شوێنەکەی دەستنیشان بکرێت و دەستگیر بکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی موراد ئەحمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە رۆژی ١٩ی مانگی رابردوو کچێک دوای دوو رۆژ لە دیارنەمانی، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە و دوای ئەوەی دەست بە لێکۆڵینەوەکان کراوە دەرکەوتووە رووداوەکە خۆکوژی بووە و هۆکارەکە کەسێک بووە کە هەڕەشەی لێکردووە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیس گەنجەکە تۆمەتبار دەکات بە خۆکوشتنی
کچەکە و دواتریش کاتێک تۆمەتبارەکە زانیویەتی لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە، چووەتە
رانییە و بە هەماهەنگی پۆلیس لەوێ دەستگیرکراوە.
پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، کچەکە ناوی رەیان محەمەد بووە و
تەمەنی ٢١ ساڵ بووە.
دوای ئەوەی تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دەست بە لێکۆڵینەوەکان کراوە
دەرکەوتووە، تۆمەتبارەکە هەڕەشەی لە چەند کچ و ژنێکی دیکە کردووە.