سەردێڕ:

ئێن ئاڕ تی زانیاری نوێ لەبارەی ژیان و خێزانی ژنە کوژراوەکەی هەولێر بڵاودەکاتەوە

PM:09:34:21/04/2022

16376 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە، کە لە گەڕەکی کوردستانی هەولێر ژنێک بە کوژراوی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە کە هەوڵی سەربڕینی دراوە، ئێن ئاڕ تی زانیاری نوێ لەو بارەیەوە بڵاودەکاتەوە.


پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، هاوسەری ئەو ژنە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانەکە دەستگیرکراوە و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، هاوسەری ئەو ژنە کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ بووە و لەرووی ئایینیشەوە موسوڵمان بووە. تەمەنی لە نێوان ٤٠ بۆ ٤٥ ساڵدا بووە.

بەپێی زانیارییەکان؛ ئەو پیاوە ماوەی نزیکی سێ ساڵە توشی نەخۆشی بووە و بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە چەند جارێک بەسەریدا هاتووە کە چووەتە دۆخێکی توڕەبوونی زۆرەوە.

ئەو کەسە لەماوەی ئەو سێ ساڵەدا بە خواردنی دەرمان توانیویەتی کۆنتڕۆڵی نەخۆشییەکەی بکات، بەڵام لەماوەی رابردوودا چەند جارێک رووبەڕووی دۆخی نەخوازراو بووەتەوە و سێ ساڵ بەر لە ئێستاش هەر بە چەقۆ هێرشیکردووەتە سەر باوکی خۆی.

بەپێی وتەی کەسانی نزیک لەو پیاوە، پێدەچێت بەهۆی بەرۆژووبوونەوە کەمتر دەرمانەکانی بەکارهێنابێت و ئەوەش وایکردبێت نەخۆشییەکەی لەسەری سەخت ببێت.

هەر بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ئەو خێزانە خاوەنی چوار منداڵ بوون و هیچ گرفتێکی کۆمەڵایەتییان نەبووە، رووداوەکەی ئەمڕۆش بە جۆرێک بووە کە، لەناکاو چووەتەوە ماڵەوە و سەرجەم منداڵەکانی کردووەتە ژوورێک و دەرگای لەسەر داخستوون، دواتر لە کاتی خەودا هاوسەرەکەی بە چەقۆ بریندارکردووە، کاتێکیش ژنەک هەوڵی داوە خۆی رزگاربکات، چەند چەقۆیەکی لە سکی داوە.

ر.ک

هـ.ئـ













گەلەری