سەردێڕ:

چوارشەممەی سوری ئێزیدییەکان چییە و بۆچی ئەو رۆژە هەڵبژێردراوە؟

PM:04:11:19/04/2022

7316 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی رۆژمێری حکومەتی هەرێم، سبەینێ چوارشەممە کە دەکاتە ٢٠ی مانگ، پشووی فەرمی دەبێت لە سەرجەم دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکان.


بەپێی رۆژمێرەکە، ٢٠ی مانگی نیسان کە دەکاتە رۆژی چوارشەممە، سەری ساڵی ئێزیدییەکان یاخود چوارشەممەی سوری ئێزیدییەکانە.

ئێزیدی یەکێکە لە ئایینەکانی کوردستان و ئێزیدییەکانیش خۆیان بە کوردی ڕەسەن دەناسێنن. خاوەنی ڕێسا و نەریتی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە باشوری کوردستان، لە دەڤەرەکانی شێخان و شنگال دەژین. ھەروەھا لە بۆتان، دەربێسیە، باکوری پارێزگای حەسەکە، عەفرین لە حەلەب، ئەلەگەزی ئەرمەنستان، پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکوری رۆژھەلاتی تورکیاش دا دەژین.

ئێزدییەکان زمانی قسەکردنیان بە شێوەی کوردی کرمانجییە و پەیڕەوی رۆژمێری خۆرهەڵاتی دەکەن بۆ سەری‌ ساڵی خۆیان پشت بەو رۆژمێرە دەبەستن، كە لەلایەن كەنیسەی‌ ئەرسەدۆكسی ‌‌و خۆرهەڵاتەوە پەیڕەودەكرێت ‌و ١٣ رۆژی‌ لەگەڵ‌ رۆژژمێری‌ زایینیدا جیاوازە.

چوارشەممەی سور (جەژنی سەری ساڵ)ی ئێزیدییەکان:

جەژنی سەری ساڵ کە پیشی دەڵێن چوارشەممەی سوری ئێزیدییەكان یەكێكە لە جەژن‌ و بۆنە هەرە كۆنەكانی شوێنكەوتووانی ئاینی ئێزیدی، هەموو ساڵێك لە سێیه‌م چوارشەممەی مانگی نیسان یادیدەکەنەوە.

مانگی نیسان بە مانگی ئێزیدییەکان دادەنرێت چونکە بەپێی بیروباوەڕی پەیڕەوانی ئەو ئایینە، " مانگی نیسان مانگێكی پیرۆزی بەهارە و بەبوكی ساڵ دادەنرێت. سیمبوڵی ئاوەدانی ‌و نوێبونەوەیە."

بەپێی سەرچاوەکان هۆکاری ئەوەی جەژنی سەری ساڵیان لە سێیەم چوارشەممەی ئەو مانگەدایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، "لەو کاتەدا فریشتە مەلیك تاوس هاتووەتە سەر زەوی‌."

دوو بیروباوەڕ بوونیان هەیە

بەپێی باوەڕی ئێزیدییەکان، "لە سێیەم چوارشەممەی مانگی نیساندا جیهانی بەستوو دەتوێتەوە و ئەفراندن دروست دەبێت، ئەم بۆچوونەیان زیاتر تێكەڵی رووداوە سروشتیەكان بووە." بە لێكدانەوەیەكی دیكەی ئایینیش، "چوارشەممە كۆتا رۆژی دروستكردنی گەردوونە." کە سەرجەمی ئەمانە بیروباوەڕی پەیڕەوانی چەند ئایینێکی جیاوازن و لە جیهاندا سەرجەم ئایینەکان تێڕوانینی جیاوازیان بۆ سروشت و گەردون هەیە.

پەرستگای لالش

ئێزیدییەکان پەرستگایەکی تایبەت بە خۆیان هەیە بە ناوی لالش یاخود لالەش. لالش پەرستگای ئایینی كوردە ئێزیدیەكانە و یەکێکیشە لە پەرستگا ئایینیەکانی جیهان، لە ناو دۆڵێكی نیمچە سەختدایە بە دووری ١٢ کیلۆمەتر دەكەوێتە باكوری رۆژئاوای ناوەندی قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆك.

لالش وەک سەرچاوەکان باسی دەکەن، "بە پیرۆزترین پەرستگای كوردە ئیزیدیەكان دادەنرێت"، ساڵانە لە جەژنەکانیاندا ئیزیدییەكانی دەرەوەی هەرێمیش دێن سەردانی دەكەن و بەشداری جەژنەكەیان دەكەن.

ساڵانە سەدان گەشتیار و پەیڕەوانی ئایینی ئیزیدی گەشت بۆ لالش دەكەن. بەدەر لەوەش زۆرجار گەشتیاران و گەشتیارانی بیانیش بۆ بینین و شارەزابوون لە داب و نەریتی ئێزیدیەكان گەشت بۆ لالش دەكەن.

هـ.ئـ

ئێزدی جەژنی چوارشەممەی سوور به‌رز ڕاده‌گرن

Rudaw.net












گەلەری