PM:09:21:02/03/2026
136 جار خوێندراوەتەوە
+
-
هیلال متمانەی تەواوی بە ئینزاگی راهێنەر هەیە و لە پۆستەکەیدا دەیهێڵێتەوە.
بەڕێوبەرایەتی یانەی هیلالی سعوودی کۆتایی بەو هەموو دەنگۆ و گومانانە هێنا کە لەم دواییانەدا دەربارەی داهاتووی سیمۆنی ئینزاگی ڕاهێنەری ئیتاڵی بڵاو ببوونەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ناوبراو ڕووبەڕووی شەپۆلێکی توندی ڕەخنە بووەوە بەهۆی ناجێگیریی ئەنجامەکانی تیپەکە لە خولی سعودیە.
یانەی هیلال کە پێشتر بە جیاوازی حەوت خاڵ لە پێشەنگدا بوو، لە ئێستادا پلەی یەکەمی بۆ یانەی نەسر چۆڵ کردووە و دابەزیوە بۆ پلەی سێیەم، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئەلیوم، کارگێڕی یانەکە بڕیاری داوە متمانە بە ئینزاگی نوێ بکاتەوە و دەرفەتی تەواوی پێ بدات بۆ ڕاستکردنەوەی ڕێرەوی تیپەکە.
بەرپرسانی هیلال پێیان وایە یانەکە هێشتا چانسی بەهێزی هەیە بۆ بەدەستهێنانی سێ نازناوی گرنگی ئەم وەرزە کە بریتین لە خولی سعودیە و جامی وڵاتەکە و چامپیۆنز لیگی ئاسیا، هەربۆیە لەبری دوورخستنەوەی، پشتگیری تەواوی خۆیان بۆ دووپات کردووەتەوە تاوەکو سەقامگیری بۆ ناو یانەکە بگەڕێتەوە.
ئەم هەنگاوەی کارگێڕی هیلال ئامانج لێی کەمکردنەوەی گوشارەکانە لەسەر یاریزانان و دەستەی تەکنیکی، بۆ ئەوەی بتوانن لە قۆناغی داهاتوودا بە هێزێکی زیاترەوە بگەڕێنەوە ناو کێبڕکێ ناوخۆیی و کیشوەرییەکان و جارێکی تر ئەنجامە ئەرێنییەکان دەست پێ بکەنەوە.